رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند، لە کۆی نزیکەی 300 کارگە کە لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تۆمارکراون، 104 لەو کارگانە بڕیاری داخستنیان دراوە.
شەممە 3ـی ئابی 2024 زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ژمارەی کارگە تۆمارکراوەکان لە وەزارەتەکەمان گەیشتووەتە 294 کارگە، بەڵام 104ـیان داخراون.''
هۆکاری داخستنی کارگەکانیش وەک زووحا جبووری دەڵێ بۆ کۆنییان و پابەندنەبوونیان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و کەرەستە نوێ دەگەڕێتەوە، "بەشێک لەو کارگانە رێگە نادرێت جارێکی دیکە بکرێنەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کە بۆ کەرتی پیشەسازیی وڵات گرنگن، حکومەت هاوکارییان دەکات، خۆیان نوێ بکەنەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا وەزارەتەکەیان هەوڵی تەواو دەدات بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی لە وڵات و هانی وەبەرهێنەرانیش دەدەن، وەبەرهێنانەکانیان نەبەنە دەرەوە. هەروەها لە ماوەکانی رابردوودا ''گرنگییەکی زۆریان بە پیشەسازییە ستراتیژییە گرنگەکانی'' وەک ئاسن، چیمەنتۆ، فۆسفات، پترۆکیمیایی و گۆگرد داوە. ئەمە جگە لە ''گرنگیپێدانی تایبەتمان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمە ناوخۆییەکان."
پێشتر خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتبووی "لە ساڵی 2023ـدا کۆی داهاتی بەرهەمە ناوخۆییەکانی عێراق، تریلیۆنێک و 400 ملیار دینار بووە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەبووە و کەم بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ