TBI زیاتر لە دوو تریلیۆن دینارى قەرزى وەرگرتەوە؛ بەشێکى لاى هەرێمى کوردستان بووە

04-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو  بڕە قەزانەى سەر بانکى بازرگانى عێراق ( تى بی ئاى) بڵاوکرانەوە کە تاوەکو کۆتایی حوزەیران وەرگیراونەتەوە. 1.6 تریلیۆن دینارى لەلاى کەرتى حکومى بووە بە هەرێمى کوردستانیشەوە. ئەندامێکى پەرلەمان دەڵێت: "ئەو قەرزەى بۆ مووچە دراوە سوودى ناچێتە سەر".
 
گەڕاندنەوەى ئەو قەرزانە دواى ئەوە بوو کە  مانگى ئایارى رابردوو محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە گرتنەبەرى رێوشوێن بۆ گەڕانەوەیان.
 
میدیاى فەرمى عێراق بڵاویکردەوە، تاوەکو 30ى حوزەیران، یەک تریلیۆن و 630 ملیار دینارى قەرزى بانکەکە لەسەر کەرتى حکومى وەرگیراونەتەوە بەو قەرزانەشەوە کە لەسەر هەرێمى کوردستان بووە. 
 
لە خشتەى بودجەى 2024ى عێراق، بڕى یەک تریلیۆن و  116 ملیار دینار وەک قەرز لەسەر هەرێمى کوردستان دیاریکراوە کە لە پشکى مانگانەى دەبڕدرێت، بەشێکى ئەو 700 ملیار دینارەیە لە ساڵى 2023، تى بی ئاى بە قەرز بۆ مووچە پێى داوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو قەرزەى تى بی ئاى بۆ مووچە داویەتى بە هەرێمى کوردستان سوودى لەسەر نییە".
 
بڕى ئەو قەرزەى کە تى بی ئاى لەو ماوەیەدا لە کەرتى تایبەتى وەرگرتووەتەوە، 348 ملیار دینار بوو، ئەوە جگە لە 53 ملیۆن دۆلارى دیکە کە لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە پێى دراوەتەوە. 
 
سۆران عومەر گوتى: "جگە لە قەرزى مووچە، حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر لە سێ تریلیۆن دینارى تى بی ئاى قەرزدارە کە بەگوێرەى یاسای بودجە دەبێت لە ماوەى حەوت ساڵدا بیداتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە