بانکی ناوەندیی عێراق بە رێکارێکی نوێ دۆلار بە بەهای فەرمی دەداتە گەشتیاران
رووداو دیجیتاڵ
لە 14ـی ئەم مانگەوە، بە رێکارێکی نوێ دۆلار دەدرێتە گەشتیاران. بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: دەیانەوێت دۆلار بدرێتە "گەشتیاری راستەقینە".
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئامانج لەو رێکارە نوێیە ئەوەیە کە دۆلار بە گەشتیاری راستەقینە بگات و مامەڵەکانیش بەبێ کێشە بکرێت، جگە لە ئاسانکاری و دەستڕاگەیشتنی گەشتیاران بە دۆلار بە شێوەیەکی خێراتر".
بڕیارە نوێیەکەی بانکی ناوەندی لە 14ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت.
بانکەکە لەبارەی چۆنیەتیی پێدانی دۆلار بە بەهای فەرمی بە گەشتیاران دەڵێت: دەبێت گەشتیارەکە بچێتە کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوی ئاڵوگۆڕ کە لە هەموو شارەکاندا بڵاوبوونەتەوە. لەوێ پارەکەی بە دینار دادەنێت کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینار هەژمار دەکرێت.
دوای ئەوە، "کۆمپانیاکەی ئاڵوگۆڕی دراو داتای گەشتیارەکە تۆمار دەکات و ناوەکەی بەرز دەکاتەوە بۆ سەکۆی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە بانکی ناوەندیی عێراق و، پسوولەیەک دەداتە گەشتیارەکە کە پرۆسەی دانانی دینارەکە پشتڕاست دەکاتەوە.گەشتیارەکە لە رێگەی ئەو پسوولەوە دەتوانێت لە فڕۆکەخانە دۆلار بە کاش و بەهای فەرمی وەربگرێت".
بانکەکە لە راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت، دەروازەکانی پێدانی دۆلار بە گەشتیار لە فڕۆکەخانەکان هەموو رۆژانی هەفتە و 24 کاژێر کراوە دەبن.
رۆژی دووشەممە، 1-7-2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە 14ـی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدیش بۆ ئەم مەبەستە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە.