نرخی بیتکۆینێک زیاتر لە 5,000 دۆلار دابەزی؛ داهاتووی دراوەکە بەرەو کوێ؟

04-07-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ، نرخی بیتکۆین بۆ خوار 57 هەزار دۆلار دابەزی.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-7-2024، نرخی هەر بیتکۆینێک سێ هەزار و 176 دۆلار دابەزی. یەک بیتکۆین بە خوار 57 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
تەنیا لە دوێنێوە، نرخی بیتکۆینێک زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار دابەزیوە. لە مانگی رابردووشەوە تائێستا، زیاد لە 12 هەزار دۆلار دابەزیوە.
 
هاککردنی پلاتفۆڕمێکی دراوە دیجیتاڵییەکان، فرۆشتنی بیتکۆین لەلایەن ئەڵمانیاوە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، سێ هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی بیتکۆینن.
 
پلاتفۆڕمی MT. GOXـی ژاپۆنیی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان رایگەیاندووە، لەم مانگەدا قەرەبووی خاوەن بیتکۆینەکان دەکاتەوە.
 
لە ساڵی 2011 پلاتفۆڕمەکە هاککرا و 470 هەزار بیتکۆین دزران. بە نرخی ئێستا، ئەم بڕە بایی نزیکەی 15 ملیار دۆلارە.
 
ئەمە وایکردووە ترس هەبێت لە دروستبوونی گوشارێکی فرۆشتنی دراوە دیجیتاڵییەکە. بەشێک لە نەهەنگەکانیش بیتکۆینەکانیان بۆ فرۆشتن خستووەتەوە نێو پلاتفۆڕمەکان.
 
لە بازاڕە داراییەکان نەهەنگ بەو کەسانە دەگوترێت کە سەرمایەیەکی زۆریان هەیە و لە مامەڵەکاندا بە بڕی زۆر مامەڵە دەکەن. زۆرجار بەیەکەوە کاڵا، دراو، یان پشکەکان دەکڕن و ئاراستەی نرخی بازاڕەکە بەپێی مامەڵەکانی ئەوان دەگۆڕێت [بە رێژەیی بێت یان بەرچاو].
 
بەپێی راپۆرتەکان، حکومەتی ئەڵمانیاش سێ هەزار بیتکۆینی خستووەتە سێ پلاتفۆڕمی دراوە دیجیتاڵییەکان و جزدانێکی ئەلیکترۆنی (واڵێت). 
 
ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیا وەک نیازێک بۆ فرۆشتنی بیتکۆینەکان لێکدەدرێتەوە کە دووبارە گوشاری فرۆشتن دروستدەکات و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخەکەی دەبێت.
 
حکومەتی ئەڵمانیا 50 هەزار بیتکۆینی هەیە. ئەو بیتکۆینانە لە کردەی تاوانکاریدا بەکارهاتوون و حکومەت دەستی بەسەردا گرتوون.
 
ئەگەری دانانی بەربژێرێکی جێگرەوە بۆ جۆ بایدن لە لایەن دیموکراتەکانی ئەمریکاوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینە گەورەکەی گەورەترین دراوی دیجیتاڵی.
 
27ـی مانگی رابردوو دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە نێوان جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بەڕێوەچوو. دوای دیبەیتەکە رەخنەی زۆر لە بایدن گیرا بەوەی لاواز دەرکەوتووە. ئەمە پرسی دوورخستنەوەی بایدنی لە بەربژێربوون لە نێو دیموکراتەکان بەهێزکردووە.
 
ریچارد گاڵڤین، هاوبەشی دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرمایەگوزاریی DACM دەڵێت، "ئەگەری هاتنی بەربژێرێکی بەهێزتری دیموکراتەکان لە شوێنی بایدن، رەنگە لە بەرژەوەندیی دراوە دیجیتاڵییەکان نەبێت".
 
نیگەرانیی وەبەرهێنەران ئەوەیە "بەربژێرێکی بەهێز"ـی دیموکراتەکان بێتە مەیدان و پێشبینییەکانی بردنەوەی ترەمپ لاواز بکات. دەرچوونی ترەمپ وەک خاڵێکی ئەرێنی بۆ سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان دەبیندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە