یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 87 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

04-07-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا کە ئاماژەیان تێدایە بە ئەگەری زۆرەوە ئابووریی گەورەترین وڵاتی بەکارهێنەری نەوت رووی لە خاوبوونەوەیە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت دابەزی و بە 87 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، داتاکانی پەیوەست بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە داوای بیمەی بێکارییان کردووە بڵاوبووەوە. ئەو ئامارانە ئاشکرایان کرد، ژمارەی ئەو کەسانە لە مانگی شەشدا بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵ و نیوی رابردوو.
 
هەر بەپێی ئەو ئامارانە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرتی تایبەتدا دامەزراون بەدەر لە کەرتی کشتوکاڵ لە مانگی شەشدا تەنیا 150 هەزار زیادیکردووە، لەکاتێکدا پێشبینیکرابوو 160 هەزار کەس بێت.
 
لە مانگی پێنجدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەتدا کاریان هەبووە 157 هەزار کەس زیادیکردبوو. سستیی بازاڕی کاری ئەمریکا لە کەرتی تایبەت ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا خەریکە سارد دەبێتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا.
 
هەروەها پێنوێنی ( ISM) کە هێمای کەرتی خزمەتگوزارییە لە ئەمریکا، لە مانگی شەشدا دابەزیوە بۆ 48.8، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا بەرزبێتەوە بۆ 52.2.
 
شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی ناسراو بە (ANZ) رایانگەیاند، "ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر بڕیار و هەڵوێستی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت لەسەر ئەوەی کە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە