نرخی نەوت بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بەڵێنی سعودیە بۆ درێژەدان بە کەمکردنەوەی سەربەستانەی خستنەڕووی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، بەرزبووەوە.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-7-2023)، 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان بڕ، واتا 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاریی ING لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "هۆکارە بنەڕەتییەکان هێندە کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت دانەناوە، بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا. رەوشی ناڕوونی ئابووریی جیهان لە چەند مانگی داهاتوودا، کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت داناوە".
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ING پێیانوایە لە کورتمەودادا نرخی نەوت هێندە گۆڕانکاری بەخۆیەوە نەبینێت، بەڵام کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت، دەتوانێت ئاراستەی نرخەکان بەرەو بەرزبوونەوە هانبدات.
سعودیە رایگەیاندووە، کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، تاوەکو مانگی ئاب درێژدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەلیکسەندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاندووە لە مانگی ئابدا بەرهەمهێنانی نەوت، بە بڕی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل کەمدەکەنەوە.
پێشبینیکراوە ئەم هەفتەیە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 1.8 ملیۆن کەمبکات، کە ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی نەوت.