داهاتی عێراق ملیاران دۆلار کەمیکردووە؛ راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان هۆکارێکییەتی
رووداو دیجیتاڵ
داهاتی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 17 ملیار دۆلار کەمتر بووە بەراورد بە داهاتی نیوەی یەکەمی ساڵی 2022. شارەزایەکی بواری وزە دەڵێت، "راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بووە".
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023، داهاتی نەوتی عێراق 44 ملیار و 340 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوە لەکاتێکدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 ئەو داهاتە 61 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە، واتە داهاتی نەوتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 28٪ کەمتر بووە لە داهاتی نەوتی عێراق لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2022.
حەیدەر بەتات، شارەزای وزە لە عێراق کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرپرس بووە لە وەزارەتی نەوتی عێراق و دوایینیان بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژە نەوتییەکان بووە، لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی داهات هەبووە، چونکە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022، نرخی بەرمیلی نەوت زۆر بەرزبووەوە، بە جۆرێک ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند، لەکاتێکدا ئەمساڵ گەیشتووەتە 75 دۆلار".
حەیدەر بەتات گوتیشی، "یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بریتییە لە راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل بووە؛ کاریگەریی ئەو راگرتنەش زۆر زۆر بووە".
رۆژی یەکشەممە 25-6-2023 سێ مانگی تەواو بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا تێپەڕی. بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، زیانی راگرتنی نەوتی کوردستان تاوەکو ئەو رۆژە زیاتر لە 2 ملیار و 653 ملیۆن و 720 هەزار دۆلار بوو.