لە دیلۆک لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خواست لەسەر پاقلاوەی عەنتاب زیاد دەکات

04-07-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، کارگەکانی دروستکردنی پاقلاوە لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان 24 کاژێر پاقلاوە بەرهەمدەهێنن.
 
لەڤەنت ئاکتاش، بەڕێوەبەری کارگەیەکی پاقلاوە لە دیلۆک دەڵێت، "لەمەودوا کارمان هەندێک زیاتر دەبێت، ژمارەی کارمەند و کاتی کارکردنمان زیاتر کردووە. ئامادەکاریمان بۆ جەژن کردووە. لەڕێی ئینتەرنێتەوە و ئەوانەش کە لە ئەوروپان و دەمانناسن پەیوەندی دەکەن و داوای پاقلاوە دەکەن. لەڕێی کارگۆ و ئۆتۆپاسەوە بۆیان دەنێرن".
 
کارگەکانی دیلۆک هەروەها ئامادەکارییان بۆ نێوخۆی باکووری کوردستان و تورکیاش کردووە، وەستایانی دروستکردنی پاقلاوەی عەنتاب لە دیلۆکی باکووری کوردستان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن کاژێرەکانی کارکردنیان زیادکردووە.
 
لەڤەنت ئاکتاش دەڵێت، "ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆمان دەڕوات و پاقلاوە دەگەیێنێت. کارگۆی تایبەتمان هەیە. دەتوانین یەک رۆژ دوای داواکردن پاقلاوە بگەیێنینە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئیزمیریش. واتا ئەگەر کڕیاری ئەمڕۆ داوای بکات، سبەی دەگاتە دەستی. ئەمەش وایکردووە کڕیارانمان بە پاقلاوەی عەنتاب شادبن".
 
بەڕێوەبەری کارگەکە بە تیشک خستنەسەر ئەوەی کە لە جەژندا زیاتر پاقلاوە پێشکێش بە میوانان دەکرێت، گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژندا بەهۆی داواکاریی زۆر لەسەر پاقلاوە، شاگردی دیکە دەهێنین. پاقلاوە بۆ دەرەوەی وڵاتیش رەوانە دەکەین. لە میانی رۆژێکدا پاقلاوە دەگەیێنینە پارێزگاکانی دیکەی وەک ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمر کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە داوا دەکرێت".
 
وەستایەکی دروستکردنی پاقلاوە بە ناوی ئەحمەد فاروق شەنەل ئاماژەی بەوە دا، کە تەواوی کارگەکانی دروستکردنی شیرینی جەژن وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینن و گوتی: "جەژنی قوربان نزیکبووەتەوە و داواکاری لەسەر پاقلاوە زیادیکردووە، بەم هۆیەوە شاگردمان تەنانەت بۆ لە پاکەتنانیش گرتووە".
 
پاقلاوەی عەنتاب چەندین تایبەتمەندیی هەیە، لەوانە تامی ئەو پاقلاوەی دوێنێ دروستکراوە لەگەڵ تامی پاقلاوەی ئەمڕۆ دروستکراو جیاوازیی نییە. هەروەها ئەو رۆنەی لە دروستکردنی پاقلاوەی عەنتابدا بەکاردێت، ساڵێک پێشتر ئامادەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە