سعودیە بەرهەمهێنانی نەوت بە ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە کەمدەکاتەوە

04-06-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆپێک پڵەس رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی دەهێڵنەوە. سعودیە بڕیاریدا ئارەزوومەندانە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە کەمبکاتەوە. هەریەک لە ئیمارات و عێراقیش بڕیاریاندا کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو درێژ بکەنەوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2023، دوای کۆبوونەوەکەی ئۆپێک پڵەس، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی داهاتووەوە، وڵاتەکەی بۆ ماوەی یەک مانگ و بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە رۆژێکدا یەک ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە. 
 
وەزیری وزەی سعودیە گوتی، "بەردەوام دەبین لەوەی ببینە نموونەی شەفافییەت لەپێناو بەدەستهێنانی گرنگترین کارە لە پێشینەکان کە مەبەست لێی سەقامگیری و بەردەوامییە". 
 
بڕیارەکە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ دووەم رۆژی کۆبوونەوەی گرووپەکەیە و لە کۆبوونەوەیەکی چوار کاژێریشدا ئەمڕۆ گرووپەکە نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و ناکۆکی لە نێوان سعودیە و رووسیا هەبوو. 
 
هاوشانی سعودیە، هەریەک لە ئیمارات و عێراقیش، بڕیاریاندا بە ئارەزوومەندانە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکانیان تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو درێژ بکەنەوە. 
 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەمانشێوە کەمکردنی خۆویستانەی بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 211 هەزار بەرمیل راگەیاند و لە مانگی ئایارەوە جێبەجێکرا. هاوکات ئیمارات بڕیاریدا رۆژانە 144 هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتەکەی کەمبکاتەوە.
 
ئۆپێک پڵەس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کۆی بەرهەمی نەوتی گرووپەکە لە 40 ملیۆن و 463 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو سنووردار دەکات. 
 
تشرینی یەکەمی 2022، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە. 
 
نیسانی ئەمساڵیش، هەریەک لە وڵاتانی عێراق، ئیمارات، کوێت، عومان، جەزائیر و سعودیە بڕیاریاندا وەک هەوڵێک بۆ بووژاندنەوەی نرخی نەوت، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتەکانیان کەمبکەنەوە. 
 
کۆی ئەو بڕەی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بڕیاریانداوە کەمی بکەنەوە، دەگاتە 1.16 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەش یەکسانە بە زیاتر لە 1%ـی کۆی خواستی رۆژانەی بازاڕەکانی جیهان لەسەر نەوت. کەمکردنەوەکەش لە مانگی ئایاری ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. 
 
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا ئەمڕۆ رایگەیاند، کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی بەرهەمهێنانی نەوت کە بڕیار بوو تاوەکو سەرەتای ساڵی 2024 بەردەوام بێت، تاوەکو کۆتایی ئەو ساڵە بەردەوام بێت.
 
ئۆپێک پڵەس لە 23 ئەندام پێکدێت؛ 13ـیان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـن و 10یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن. هەریەک لە سعودیە و رووسیاش سەرکردە و بڕیاردەری دیفاکتۆی گرووپەکەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە