ماڵپەڕی شەفافییەت: داهاتی مانگی پێنجی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 104 ملیار دینار بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ماڵپەڕی شەفافییەت کە تایبەتە بە داهاتەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، داهاتی مانگی پێنجی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 104 ملیار دینار بووە؛ بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتەکە نزیکەی 18 ملیار دینار زیاتر بووە لە مانگی پێشتر.
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە رێککەوتی 1ـی 5ـی 2023 تاوەکو 31ـی 5ـی 2023، 104 ملیار و 571 ملیۆن و 925 هەزار و 631 دینار بووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی پێنج نزیکەی 18 ملیار لە داهاتی مانگی چوار زیاترە، کە داهاتی مانگی چوار 88 ملیار و 290 ملیۆن و 729 هەزار و 581 دینار بووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆکراونەتەوە.
 
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافییەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ە.