ئابووری

کارمەندێکی کۆمپانیای DNOی نەرویجی لەکاتی کارکردنی لە کێڵگەیەکی دەوروبەری زاخۆ. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وێڕای مانەوەی بۆریی نەوتی عێراق و تورکیا بە داخراوی، کۆمپانیای DNOی نەرویجی دەڵێت، ساڵی 2024 بەرهەمی دوو کێڵگەی سنووری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک 70% زیادیکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانای کۆمپانیاکە، تێکڕای بەرهەمی هەردوو کێڵگەی تاوگێ و پێشخابوور لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 78 هەزار و 615 بەرمیل لە رۆژێکدا، واتە بەراورد بە ساڵی 2023 کە رۆژانە 46 هەزار و 276 بەرمیل بووە، زیادبوونی بە رێژەی 70% تۆمار کردووە.
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە، رۆژانە تێکڕای 29 هەزار و 153 بەرمیل لە کێڵگەی تاوگێ و 49 هەزار و 626 بەرمیل لە کێڵگەی پێشخابوور بەرهەمهێندراوە.
زیادبوونی بەرهەمی کێڵگەکە وێڕای ئەوە دێت کە لە ئاداری ساڵی 2023وە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە.
راپۆرتی DNO ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی داخرانی بۆرییەکە، "ناچار بووە" لە تێرمانیلی پێشخابوور نەوتەکەی بفرۆشێت.
کۆمپانیا نەرویجییەکە باس لەوە دەکات، هۆکاری زیادبوونی بەرهەمەکە زیادکردنی ژمارەی بیرەکان نییە، بەڵکو توانیویەتی لە سێ بیر کە پێشتر لێدرابوون، دەست بە دەرهێنانی نەوت بکات؛ هەروەها لە زیاتر لە 20 بیری دیکە کاتی کارکردنی زیادکردووە و پەرەی پێداون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بۆ ئەوەی دەرهێنانی نەوت خێراتر بێت، لە پارەوە کۆمپانیاکە دەستی کردووە بە بەکارهێنانی تەکنیکی ناردنی گاز بۆ نێو بیرەکان تاوەکو پەستانی نێویان زیادبێت و بە گوڕی زیاتر نەوت بەرەو دەرەوە پاڵبدەن.
بەگوێرەی گرێبەست، 75%ی پشکەکانی هەردوو کێڵگەی تاوگێ و پێشخابوور بۆ کۆمپانیای DNO و 25%ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پێچەوانەی کێڵگەکانی تاوگێ و پێشخابوور، بەرهەمی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی باشیک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە کە لە ساڵی 2024دا تێكڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی باشیک تەنیا 5 بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا، 224 بەرمیل بووە.
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، دوای ژمارەیەک پشکنین، لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2024دا دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوەی بەشێکی کێڵگەی باشیک و ئێستاش "بە هۆشیاری بەرنامەی کاری داهاتووی خۆی" بۆ کێڵگەکە دادەنێت.
DNO خاوەنی 64%ی پشکەکانی کێڵگەی نەوتی باشیکە و ئەوەی دیکە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای سنوورداری وزەی تورکیا بەشکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ