دادگەی لەندەن داوا لە گەنەل ئینێرجی دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 26.8 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بکاتەوە

04-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گەنەل ئینێرجیی تورکی رایگەیاند، رۆژی هەینی لە دادگەی نێوبژیوانیی لەندەنەوە بڕیارێکی بەدەستگەیشتووە کە دەبێت زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی دواکەوتنی کارەکانی لە دوو کێڵگەی نەوت، بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات.
 
کۆمپانیاکە کە لە بازاڕی پێنوێنەکانی لەندەن تۆمار کراوە و نووسینگەی سەرەکیی لە تورکیایە، 2ی کانوونی یەکەمی 2024 لە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەندەن سکاڵایەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆڕاندبوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، رۆژی هەینی لە دادگەکەوە بڕیاری بۆ دەرکراوە کە دەبێت 26 ملیۆن و 826 هەزار و 905 دۆلار وەک قەرەبوو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات، چونکە پابەند نەبووە بە نێوەڕۆکی گرێبەستی نێوانیان و لە پەرەپێدانی دوو کێڵگەی نەوت دواکەوتووە.
 
ململانێ یاساییەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2021دا گرێبەستی پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی میران و بیناباوی لەگەڵ گەنەل ئینێرجی هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە نەیتوانی نێوەڕۆکی گرێبەستەکان وەک خۆی جێبەجێ بکات.
 
لە کاردانەوەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیدا، کۆمپانیاکە لە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەندەن سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرد و داوای 1.75 ملیار دۆلار قەرەبووی کرد؛ بەڵام دادگەکە لە 2ی کانوونی یەکەم دۆسیەکەی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە و رایگەیاند، هەولێر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکاندا مافدارە.
 
سەرەتا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 36 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کرد، بەڵام دادگەکە $26,868,905.29ی دیاریکردووە، هەروەها بە رێژەی 2% سوودی مانگانەی خستووەتە سەر قەرزەکە، واتە لە ئێستاوە، کۆمپانیاکە هەر مانگێک لە دانەوەی قەرەبووەکە دوا بکەوێت، ئەوا بڕی قەرەبووەکە بە رێژەی 2% بەراورد بە مانگی پێشتر زیاد دەبێت.
 
کێڵگەی میران دەکەوێتە نزیک تاسڵووجە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی؛ کێڵگەی بیناباوی لە نزیک تەقتەقە لە سنووری پارێزگەی هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە