وەزیری بازرگانیی تورکیا: لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێی هەڵگرتنی باجی 10%ی گومرگی دەکەین

04-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی تورکیا دەڵێت، دەیانەوێت لە دانوستاندنەکانیاندا لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێی هەڵگرتنی پێناسی گومرگی بکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 4ی نیسانی 2025 عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا سەبارەت بە سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بەسەر وڵاتەکەیدا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
وەزیری بازرگانیی تورکیا دەڵێت، ئەمریکا پێناسی گومرگی زۆری بەسەر زۆرێک لە وڵاتاندا سەپاندووە و تورکیاش یەکێکە لەوان، بەڵام بەراورد بە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان، ئەوەی بەسەر تورکیادا سەپێندراوە بەرز نییە.
 
عومەر بۆڵات ئاماژەی بەوە کرد، لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوودا سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی ئەو وڵاتە باس لە پەیوەندییە بازرگانییەکانیانی نێوان هەردوو وڵات، پێناسی گومرگی و زیادکردنی هەناردە بۆ ئەمریکا دەکەن.
 
بۆڵات باسی لە هەناردەی وڵاتەکەی لە مانگی ئاداردا کرد و رایگەیاند، "لە ئاداردا بە بەهای 23.4 ملیار دۆلار هەناردەمان کردووە کە دووەم بەرزترین بڕی هەناردەکردنی مانگی ئادارە لە مێژووماندا. لەسەر ئاستی ساڵ، ئاستی هەناردەمان بە رێژەی 3.2% گەشەی کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە