نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە 4 ساڵی رابردوو دابەزی

04-04-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوت لە دوێنێوە 10 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش دوای بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی بەرهەمێنانی نەوت و وەڵامدانەوەی پێناسی گومرگیی ئەمریکا لەلایەن چینەوە بە رێژەی 34٪.
 
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی لە مانگی داهاتووەوە راگەیاند. بەهۆی بڕیارەکەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 75 دۆلارەوە بۆ 67 دۆلار دابەزی.
 
دوای ئەو بڕیارەش، وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، بە رێژەی 34٪، پێناسی گومرگی بەسەر ئەمریکادا دەسەپێنن. ئەمەش نرخی نەوتی بۆ 64.70 دۆلار دابەزاند. 
 
دوای بڕیارەکە، بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت لەمساڵدا کەمکردەوە و رایگەیاند، ئەم ساڵ تێكڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 66 دۆلار و ساڵی داهاتووش 62 دۆلار دەبێت.
  
پێش کۆبوونەوەکەی ئۆپێک پڵەس، پێشبینی دەکرا وڵاتان بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 135 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادبکەن، بەڵام دواتر بڕیاردرا بەبڕی 411 هەزار بەرمیل زیادبکرێت.
 
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دۆخی بازاڕی نەوت باشە و پێشبینیی ئەرێنییان هەیە".
 
دەشڵێت، "ئەم زیادکردنەوەی بەرهەمی نەوت، دەکرێت رابگیرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە، واتە کەمبکرێتەوە، ئەوەش بەپێی دۆخی بازاڕی نەوت".
 
بەپێی بڕیارەکە، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت و عێراق بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی زیاتر لە چوار هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەکات. 
 
ئۆپێک پڵەس لە 13 وڵاتی ئەندامی رێکخراوی ئۆپێک و 10 وڵاتی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتی دەرەوەی رێکخراوەکە پێکدێت.
 
لە سەردەمی کۆرۆناوە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت، ئۆپێک پڵەس دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووە. ئێستا بە کۆی گشتی بەرهەمهێنانی بەبڕی 5 ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە، ئەم بڕە یەکسانە بە 5.7٪ـی نەوتی جیهان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە