لە ساڵێکدا قەبارەی هەناردە لە دەروازەی کێلێ گەیشتووەتە 228 ملیۆن دۆلار

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵێکدا لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێوە بایی زیاتر لە 228 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
ئەمین غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 461 هەزار تۆن کەلوپەل، بە بەهای زیاتر لە 228 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێ هەناردە کراوە.
 
ئەمین غولامنەژاد دەڵێت، هەناردەی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی کێلێوە بەراورد بە ساڵی رابردوو 52٪ زیادی کردووە. گوتیشی، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لەو سنوورەوە هەناردە کراون، بریتین لە کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، سەوزە و میوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت، رۆژانە لە رێگەی 180 بارهەڵگرەوە لە دەروازەی سنووریی کێلێ شتومەک هەناردەی عێراق دەکرێت.
 
سەبارەت بە قەبارەی هاوردەکردنیش، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاند، لەو ماوەیەدا بایی زیاتر لە 3.5 ملیۆن دۆلار لەو دەروازە سنوورییەوە کاڵا و کەلوپەل هاوردە کراوە، کە زۆربەی کەلوپەلەکان کەرەستەی ناوماڵ و کارەبایی بوون.
 
دەروازەی سنووریی کێلێ دەکەوێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە 18 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سەردەشتەوە دوورە، هەروەها لە دیوی باشووری کوردستانیشەوە 17 کیلۆمەتر لە شاری قەڵادزێ دوورە.