وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئاداری بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد

04-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج  دەکرێت. لە راگەیێندراوەکەدا باسی خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە نەکراوە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی یاسایی لەئەستۆ دەگرێت لەو داتا و زانیارییانەی فەرمانبەران کە رادەستی بەغدای کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مووچەی هەر یەکە لە "فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شایستە داراییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازیی و شایستە داراییەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەست و شایستە داراییەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەچوارچیوەی تەرخانکراوە داراییەکانی مانگی ئاداری 2024 خەرج دەکرێت." 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، باسی خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی ئادار نەکراوە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دادگەی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە دەستکردن بە تەرخانکردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی ئادار لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە، چونکە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەکانیان پێویستی بە کاتی زیاترە.
 
دوێنێ چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەم دوو رۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵدەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە