کۆمپانیایەکی چینی دەست بە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە خانەقین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای خانەقین رایگەیاند بەمنزیکانە کۆمپانیایەکی چینی دەست بە دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی نەفتخانەی قەزاکە دەکات، گرێبەستەکەشی بۆ زیاتر لە 30 ساڵە.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کۆمپانیای جیۆ جەید (Geo-Jade)ـی چینی دەست بە گەڕان، دۆزینەوە و پەرەپێدان، دواتر بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەفتخانە لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە بکات.
دلێر سایەخان، قایمقامی قەزای خانەقین، سەردانی کێڵگەکەی کرد و رایگەیاند "زیاتر لە 80٪ـی کارەکانی کۆمپانیا چینییەکە و کێڵگەکە لە چوارچێوەی سنووری قەزای خانەقین دەبێت، پڕۆژەیەکی پێویست و گرنگە بۆ ناوچەکە."
قایمقامی قەزای خانەقین گوتیشی "گرێبەستی ئەو کۆمپانیایە بۆ 30 تاوەکو 34 ساڵ دەبێت، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە رێژەی زۆری دەستی کار لەو پڕۆژەیەدا لە دانیشتووانی قەزای خانەقین و ناوچەکە بێت." گوتیشی ''پڕۆژەکە کاریگەریی لەسەر ژێرخان و گەشەپێدانی قەزای خانەقین و دەوروبەریشی دەبێت."
چوار كێڵگەی نەوت و گازی سرووشتی لە قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە هەن کە پێکدێن لە؛ نەفتخانە، نادوومان، جریبكە، چیا سورخ.
قەزای خانەقین ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی خۆجێی ناوچەی گەرمیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هیچ لێدوانێکیان لەبارەی وەبەرهێنان لە نەوت و گازی ئەو ناوچەیە نەبووە.
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە، لەبارەی ئەو گرێبەستەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێشتا وردەکاریی تەواو لەبارەی پڕۆژەکە نازانین، تەنیا زانیاریی سەرەتایی هەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان و پرۆژەکانی ناوچەکە هەبێت، بەتایبەت لەڕووی خستنەگەڕی دەستی کار و بێکارانەوە."
نەفتخانە، کێڵگەیەکە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان عێراق و ئێران، بەپێی کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاستی سەر بە وەزارەتی نەوت، درێژییەکەی 20 کیلۆمەتر و پانییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر و نیو دەبێت.
نەفتخانە بە کۆنترین کێڵگەی نەوت و گازیی عێراق هەژمار دەکرێت کە نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، یەکەم بیرە نەوتیشی لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی لە ساڵی 1925ـدا هەڵکەندراوە، بە یەکێک لە کێڵگە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران هەژمار دەکرێت کە دەکەوێتە سنووری ئەو دوو وڵاتەوە، تاوەکو ئێستا 42 بیرە نەوت لە کێڵگەکەدا هەڵكەندراون، لەبەرامبەردا 223 بیرە نەوت لە كێڵگەی نەفت شاهـ هەڵكەندراون.
رۆژی چوارشەممە، 15-2-2023، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو "هەفتەی داهاتوو گرێبەستی کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیا براوەکان بە گرێبەستەکانی گەڕی پێنجەمی مۆڵەتە سنوورییەکان واژۆ دەکرێت."
وەزارەتی نەوت ئەو شەش کێڵگە و ناوچانەی بڵاوکردەوە کە گرێبەستەکان دەیانگرێتەوە و یەکێکیان دۆزینەوە و گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی ناوچەی نەفتخانە لە پارێزگای دیالە و رەوانەکردنی بۆ کۆمپانیای جیۆ جەیدی چینی بوو.
کۆمپانیای جیۆ جەید (Geo-Jade)ـی چینی یەکەم کۆمپانیای بیانییە دەچێتە ناوچەکە دوای 70 ساڵ، لەرێگەی کۆمپانیاکەوە عێراق دەیەوێت رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ سەر بەرهەمێنانی و یەک ملیار پێ سێجا گاز، زیاد بکات.