نرخی زێڕ 35 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا ئاماری هەلی کارەکانی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە کە بە JOLTS ناسراوە، بەپێی ئامارەکە رەخساندنی هەلی کار کەمبووەتەوە، ئەوەش نرخی زێڕی بۆ بەرزترین ئاستی یەک ساڵی رابردوو بەرزکردەوە.
رۆژی سێشەممە، 04-04-2023، نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا رێژەی خستنەسەرکار و دەرکرانی کارمەندانی لە وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە، لە مانگی شووباتدا 9.9 ملیۆن هەلی کار لەو وڵاتە رەخسێنراوە، ئەوەش کەمترە لە مانگەکانی رابردوو.
دابەزینی رێژەی هەلی کار لە ئەمریکا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان هەبوو، نرخی زێڕ زیاتر لە 35 دۆلار بەرزبووەوە بۆ 2025 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو؛ لە بەرنامەی بازرگانیی ئەم هەفتەیەی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی شەممە، 01-04-2023، پەخشکرا، پێشبینی کرابوو نرخی زێڕ بگاتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ و دوای تەنیا دوو رۆژ پێشبینی بەرنامەکە بۆ نرخی زێڕ هاتە دی.
لە بەرنامەکەدا رەسەن رەڤەندی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان رایگەیاندبوو، زێڕ لە خوار ناوچەی 1980 بۆ 1993 لە رەوتی دابەزیندایە بۆ 1928 بۆ 1934 دۆلار. گوتیشی، رەنگە زێڕ دابەزینێک بکات بۆ 1928 دۆلار، بەڵام بازرگانانی ئاگادارکردەوە کە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی "بێلایەن"ـە.
ئەو شارەزایە باسی لەوەشکرد، ئەگەر زێڕ ناوچەی 1993 بشکێنێت، رەنگە بگاتە 2024 بۆ 2040 دۆلار.