رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق 184 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دەڵێت، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 150 هەزار و 400 دینارە. بەراورد بە دوێنێ و کاتی کردنەوەی بازاڕی بۆرسە، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی.
رۆژی سێشەممە 04-04-2023 بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 184 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە، لەو بڕە 22 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش و 164 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بوو.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانی لەگەڵ کردنەوەی بازاڕ بەهای 100 دۆلار بە 149 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام ئێستا کاژێر 03:00ی پێشنیوەڕۆ و دوای ئەوەی بانکی ناوەندی پارەی خستە بازاڕ بەهای 100 دۆلار بووە 150 هەزار و 400 دینار.
لەبارەی دابەزینی بەهای دینار، جەبار گۆران دەڵێت: "بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو بانکی ناوەندی بڕە پارەیەکی کەمتری خستووەتە بازاڕ، بۆیە بەهای دینار دابەزیوە."
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
لە چەند دوو رۆژی رابردوودا، کە بانکی ناوەندی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەهای 100 دۆلار بۆ خوار 150 هەزار دینار دابەزی.
تاوەکو دوو ساڵ نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند، دوای ئەوەش دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوام بوو تاوەکو 170 هەزار دیناری تێپەڕاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ