رێباز حەملان بۆ مووچەخۆران: مووچە هیچ مەترسییەکی لەسەر نەما و لەمڕۆوە گوزەرانتان باشتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ بەهۆی "واژۆکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا" چیدیکە مەترسی لەسەر مووچەی مووچەخۆران نەما، دەشڵێت "لەمڕۆوە گوزەرانتان باشتر دەبێت".
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات میوان بوو و رایگەیاند "مووچە هیچ مەترسییەکی لەسەر نەما و گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان لەمڕۆوە باشتر دەبێت و ئەوەی لەتوانادابووە کراوە و دەکرێت".
بڕیاربوو ئەم هەفتەیە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا دابەشنەکراوە و تەنانەت لیستەکەشی رانەگەیەنراوە.
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزار مووچەخۆرن، سەرچاوەکەی داهاتی نەوتە، بەڵام ماوەی 11 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە.
رێباز حەملان سەبارەت بە رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "بە هەوڵە گرنگەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کە ئەم چەند شەو و رۆژە بە دەیان جار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوا و، جێی سوپاسە ئەویش (محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) زۆر دەوڵەتدارانە هاتە پێشەوە لەم بابەتەدا و توانرا بە یەک تیم ئەم رێککەوتنە بکرێت".
سەبارەت بە مووچەش، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەولەوییەتی هەموو ئەو داهاتەی لەبەردەستی حکومەتە بۆ مووچەیە، بەشێک لە پارەکە لە پارەی نەوت ئامادەیە و بەشێکیشی کە لەمڕۆوە دەستپێدەکاتەوە (هەناردەکردنەوەی نەوت)، بەدڵنیاییەوە وەزارەتی دارایی بەرچاوی روون دەبێت".
جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەگەڵ گەڕانەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بە دڵنیاییەوە لیستی مووچە دادەنرێت و دەستدەکرێتەوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ و، هەموو خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە مووچەی مووچەخۆران هیچ مەترسییەکی لەسەر نەبێت و دڵنیایان دەکەمەوە، مووچە هیچ مەترسییەکی لەسەر نەما و گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان لەمڕۆوە باشتر دەبێت و ئەوەی لەتوانادابووە کراوە و دەکرێت".