رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتایی دێت. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، هێشتا هیچ ئاگادارییەکیان لەبارەی بڕینی گازەکە پێنەگەیشتووە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025) ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راستە هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی هەناردەی گازی ئێران کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا هیچ ئاگادارییەکمان لەبارەی بڕینی گازەکەوە پێنەگەیشتووە، هەنگاوەکانیشمان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەردەوامە."
عێراق رۆژانە بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات. ئەحمەد عەبادی دەڵێت، "دۆزینەوەی جێگرەوە ئاسان نابێت، بەڵام ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ تورکمانستان کردوومانە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەتوانین لە رێگەیەوە رۆژانە بڕی 20 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردە بکەین."
لەبارەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی "سەرەڕای ئەوەی خەریکی رێککەوتنین بۆ هاوردەکردنی گاز لە وڵاتانی کەنداوەوە، لە هەمان کاتدا لە نێوخۆشدا دەمانەوێت بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر، گازی هاوەڵ و رێگەکانی دیکە، بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر بکەین و وەکو جێگرەوەی گازی هاوردەکراویش سوودی لێوەربگرین."
8ـی ئەم مانگە، مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتایی دێت.
یەکی ئەم مانگە، سەعید تەوەکولی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، "سەرباری ئەوەی مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران لە 8ـی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت، بەڵام حکومەتی عێراق مۆڵەتی کاتی لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ کڕینی گازی ئێران وەردەگرێت."
لە ساڵی 2018ـەوە، ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە هەژمارێکی بانکیی عێراقەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبهێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "ھاوردەكردنی گاز لە ئێرانەوە تێچووەكەی زۆرە، جگە لەوەش بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی ئێران، ناتوانرێت ئەم گازە بەردەوام دابین بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ