رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە نزیکەی دوو هەزار و 110 دۆلار. شارەزایەک دەڵێت، جگە لە داتاکانی ئەمریکا، تەنیا "ئاگربەست" دەتوانێت دابەزینێکی سنووردار بە زێڕ بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 119 دۆلار. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لەدوای 28ـی کانوونی یەکەمی 2023ـەوە.
هێژا رەڤەندی، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای مێرکاتۆ بڕۆکەرز بە رووداوی گوت، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی پێنوێنی، سستیی ئابوورییە بۆ بەرزترین ئاستی 40 ساڵ.
وەک رەڤەندی دەڵێت، بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێشبینیکراو بوو، ئێستا هاوشان لەگەڵ بیتکۆین، خواست لەسەر زێڕیش زیادبووە.
ئەو شارەزایە باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەوەیە کە داتای هەڵاوسان و گەشەی ئابووریی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی ئەو کانزایە زەردەن، چونکە هاوشان لەگەڵ ئامانجی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دادەبەزن.
رۆژی چوارشەممە، 28-02-2024، نووسینگەی شیکاریی ئابووریی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنیان، لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا، ئابووریی ئەمریکا 3.2٪ گەشەی کردووە.
هاوکات رۆژی سێشەممە، 13-02-2024، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024ـدا، هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ 3.1٪ دابەزیوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، وەک هێژا رەڤەندی دەڵێت، بەرزبوونەوەی داواکاریی بیمەی بێکارییە لە ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو گەیشتە 215 هەزار داواکار.
وەک رەڤەندی دەڵێت، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامانجیەتی، هەڵاوسان و گەشەی ئابووری دابەزن و، بێکاریش زیاد ببێت، ئەوکاتە دەتوانێت دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات، کە ئەوەش بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
بەپێی ئەو شارەزایە، جگە لە داتاکانی ئەم هەفتەیە، تەنیا یەک رووداو هەیە کە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ؛ ئاگربەستی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە.
لە هەفتەی رابردووەوە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئێستا بازاڕ و وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن، بە رێژەی 74٪ لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات.
هاوکات چاوی بازرگانان لەسەر راپۆرتی بێکاریی مانگی رابردووە، کە بڕیارە هەینیی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە.
لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪یە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022دا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ