رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بڕیاری دا رێگە لە بەردەم هەناردەکردنى هێلکەى پەلەوەرخانەکان بۆ وڵاتانى کەنداو بکاتەوە، لە رۆژى شەممەوە (5ى ئادار) هەناردەکارانى هێلکە دەتوانن دەست بە مامەڵەى فەرمى بکەن.
محەممەد کەریم خەفاجی ، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق رۆژی 04-03-2022 لە بەیاننامەیەکدا داواى لە خاوەنی پەلەوەرخانەکان و هەناردەکاران کرد دەست بکەن بە هەناردەکردنى ئەو جۆرە هێلکەیەى بۆ خواردن بەکاردێت بۆ وڵاتانى کەنداو، کە بە هێلکەى سەر سفرەى نانخواردن ناسراوە.
وەزیرى کشتوکاڵى عێراق داواى لە هەناردەکاران کردووە لە رۆژى شەممەوە (5ى ئادارى 2022) سەردانى وەزارەتەکەى بکەن بەمەبەستى وەرگرتنى رەزامەندى بۆ ئەو پرۆسەى هەناردەکردنە.
عێراق مانگانە نزیکەى 220 ملیۆن هێلکە بەرهەمدەهێنێت، لە هەردوو جۆرى خواردن و هەڵهێنانى جوجەڵە، زیاتر لە 132 پەلەوەرخانەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە سنوورى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقدا هەن.
محەممەد کەریم خەفاجى ئاماژەى بەوەداوە ئەو بڕیارەیان بەهۆى زیادبوونى بڕى بەرهەمهێنانى هێلکەیە و پێشبینی دەکەن ئەو هەناردەکردنە هانى زیاترى بەرهەمهێنانى هێلکە بدات لە عێراقدا .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ