د.جەمال کۆچەر: شیعەکان پەسندکردنی بودجەیان بەستووەتەوە بەتێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی

04-03-2021
کاوار ساڵح
نیشانەکردن پرۆژەیاسای بودجەی 2021
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پرۆژەیاسای بودجەی عێراق تائێستا بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و نەبوونی پێشنیازێکی دیاریکراوی شیعەکان بۆ دانوستاندن نەچووەتە نێو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بودجە بووەتە پرسێکی سیاسی و لە چوارچێوە یاساییەکەی خۆی دەرچووە، لە رێگەی بودجەوە گوشار لەسەر لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.
 
د.جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "پرۆژەیاسای بودجە بەسیاسی کراوە و لایەنەسیاسییەکان وەک گوشار بەکاریدەهێنن، شیعەکان دوا بڕیاریان ئەوەیە کە بودجە پەسند نەکرێت، تاوەکو یاسای دادگای فیدراڵی پەسند نەکرێت، تاوەکو بڕیاردەدرێت لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق، بودجە لەکاتێکی هەستیاردا هاتووە، کەوتووەتە دەست هەندێک کەس کە هەست بە ئازار و کێشەی خەڵک ناکەن، بەهیچ شێوەیەک باسی دەنگدان بە یاساکە نییە."
 
د.جەمال کۆچەر گوتیشی "شیعەکان تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، چیان دەوێت، ئەوان وەرەقەیەکیان ئامادە کردووە هەندێکیان دژن و هەندێکیشیان کە زۆرینەن لەگەڵ ئەو وەرەقەیەن، هەندێک هەنگاوهەن ئەگەر ئەو هەنگاوانە نەنرێن بودجە پەسند ناکرێت، بۆ نموونە یاسای دادگای فیدراڵی، بەتایبەت سەدرییەکان وا پێشبینی بۆ خۆیان دەکەن کە 100 کورسی دێنن، بۆیە دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و ئەوان پێیان وایە سەرۆکوەزیران لە خۆیان دەبێت".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەو بودجەیە دەکەن، چونکە حکومەتێک بودجەی نەبێت، حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، بەبێ بودجە حکومەت ناتوانێت هیچ بکات، تەمەنی حکومەتی عێراق هەمووی پێنج مانگی ماوە، لەو ماوەیەدا ناتوانرێت ئەو بودجەیە بۆ خەڵک خەرجبکرێت".
 
د. جەمال کۆچەر گوتیشی: "شاندی هەرێمی کوردستان بهێتە بەغدا چی بکات، چونکە تائێستا شتێک نییە دانوستاندنی لەسەر بکەین، بەتایبەت شیعەکان هیچ پێشنیازێکیان نییە، ئەوەی هەیە هی حکومەتە ئەویش هیچ ناکۆکی لەسەر نییە".
 
تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە یەکلایی نەبووەتەوە، د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی عێراقی راگەیاندبوو، هیچ بابەتێکی تەکنیکی نییە ئاستەنگ لەبەردەم دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە دروستبکات، بەڵکو بابەتەکە پەیوەندیی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێشتر رێککەوتنیان لەسەر ئەوە کردبوو کە لە بەرامبەر رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ئەوا حکومەتی بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان بە رێژەی 12.67٪ـی بودجەی گشتیی عێراق، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەستۆ بگرێت.
 
کاتێک ئەو رێککەوتنە گەیشتە پەرلەمانی عێراق لایەنە شیعەکان پێی رازی نەبوون و چەند پێشنیازێکی دیکەیان خستە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو، رادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان یان رادەستکردنی کۆی مەلەفی نەوت بە بەغدا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بەوە رازی نەبوون و بە "لادان لە دەستوور" ناویان برد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە