رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە سێ دەروازەی نێودەوڵەتییەوە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكرێت، لە دوو دەروازەیان ئاڵوگۆڕی بازرگانی 100% زیاد بووە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران لەم كاتە تایبەتەدا بەفەرمی دەروازە نێودەوڵەتیەكانی، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دیاریكراون.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، "ئەو دەروازانە زۆر بەباشی لە رووی تەندروستیەوە كۆنترۆڵكراون. لە دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخانیش ئاڵوگۆڕی بازرگانی 100% زیادی كردووە، لە حاجی ئۆمەرانیش زیاد بووە، بەڵام بەهۆی ساردیی كەشوهەواوە وەكو دوو دەروازە نێودەوڵەتییەكەی دیكە نییە".
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروزەكانی پشتە، كێلێ، سەیرانبەن و تەوێڵە بەهۆی كۆرۆناوە داخراون و هیچ ئاڵوگۆڕێكی بازرگانییان لێوە ناكرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، "بۆ رێنماییە تەندروستییەكان لە دەروازەكاندا چاودێرییەكی ورد هەیە و ئەوە پرسێكە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی خەڵكییەوە هەیە بۆیە زۆر بەوردی چاودێری جێبەجێكردنی رێنماییەكان دەكرێت".
دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی كەمتر لە 24 كاژێر راگیرا، لە رۆژی 25-02-2020ـدا ئەنجوومەنی وەزیران دووبارە بڕیاری دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەژێر چاودێریەكی وردی تەندروستیدا بكرێتەوە. بۆ ئەو ئاڵوگۆڕەش دەروازە نێودەوڵەتییەكانی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دیاریكراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ