رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات بەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و پێشووی خۆی و پێداگری لەوە دەکات، ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ناسەقامگیرییە روودەدات، بەڵام رێکارە یاسایی و رێکخراوەییەکانی بانکی ناوەندیی، ئەم گرفتە چارەسەر دەکات.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتەر نووسیویەتی: "ئەمە یەکەمجار نییە، گۆڕانکاری لە نرخ و بەهای دراوی خۆماڵی روودەدات. لەبەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا بانکی ناوەندی دەست بۆ رێکاری یاسایی و رێکخراوەیی گرنگ دەبات کە لەگەڵ پێداویستییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتە دراوییەکان یەک دەگرێتەوە کە ئامانجیان رێکخستنی جووڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و رێگریکردنە لە بەقاچاخبردنی دراوی بیانی."
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا، محەممەد حەلبووسی دەڵێت: "لە ژێر رۆشنایی گەشەسەندن و بووژانەوەی یەدەگی نەختینەیی و ئاستی داهاتی بەدەستهێنراو، کە ئێستا بەرزترینە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و بە گوێرەی پێوەرە ئەرێنییەکانی ئابووری عێراق هیچ ترس و دڵەڕاوکێ لە ئارادانییە."
بەگوتەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: "لەگەڵ رێکارە تووندەکانی بانکی ناوەندی و هەوڵە پاڵپشتیکارەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی و رێگریکردن لە دەستکاریکردن و بەقاچاخبردن و پاراستنی سەقامگیرییەکەی، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی."
رۆژی 3ی شوباتی 2023، شاندی بانکی ناوەندیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی موحسین عەللاق، پارێزگاری بانک لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ براین نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کۆبوونەوە. هەردوولایەن رێککەوتن پێش ناوەڕاستی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی دیکەی یەکلاکەرەوە لە واشنتن بکەن.
دوای چەند کاژێرێک پاش کۆبوونەوەی شاندی عێراقی و ئەمریکی، بانکی ناوەندی پاکێجی یەکەمی ئاسانکاری پێدانی کاش و میکانیزمی حەواڵە دەرەکییەکانی بڵاوکردەوە کە لە نۆ ماددە و 22 بڕگە پێکهاتبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەکە و راگەیاندنی پاکێجی یەکەمی ئاسانکارییە داراییەکان، نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە و لە 176 هەزار دینار بۆ 162 هەزار دینار بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک جوڵەی بەخۆیەوە بینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ