لە دهۆک و هەولێر دەست بە دابەشکردنی دوایین بەشی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سبەی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی دوا بەشی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت. بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارییەک لە بانکەوە بۆ ئێمە ناهاتووە، ئەگەر سبەی نەیەت ئەگەری هەیە بکەوێتە رۆژی سێشەممەی داهاتوو."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، 14-12-2024 دوایین بڕە پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان، لەدوای تەواوبوونی رێکارە کارگێڕییەکان دەست بە دابەشکردن کراوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 600 چەکی جووتیاران ماوە خەرج بکرێن، سبەی نزیکەی 200 چەک دابەش دەکرێت، بەهۆی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران پاڵەپەستۆ لەسەر بانکەکان دروستبووە و ناتوانین هەموو چەکەکان بەیەکەوە دابەش بکەین، ئەگەر نا لە دوو رۆژی داهاتوودا هەموومان تەواو دەکرد."
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: "خەرجكردنی هەموو چەکەکانی هەولێر لە بانکی بەحرکە دەبێت، دوایین بڕی پارە؛ زیاتر لە 44 ملیار دینار بوو، تەواوی پارەکەش زیاتر لە 181 ملیار دینارە."
لە پارێزگای دهۆک دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران کۆتاییهاتووە؟
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، "بەشێکی زۆری پرۆسەکە لە پارێزگاکەمان کۆتاییهاتووە، بەڵام هەندێک کەس تاوەکو ئێستا نەهاتوون چەکەکانیان وەرگرنەوە، داوا لە جووتیاران دەکەم سبەی چەکەکانیان لە سایلۆ وەرگرنەوە و سەردانی بانکەکان بکەن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، "لە 17ـی کانوونی یەکەمی رابردووەوە، لە هەر سێ سایلۆی پارێزگاکە دەست بە دابەشکردنی دوایین بەشی پارەی گەنمی جووتیاران کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامن و ژمارەیەکی کەم ماوە."
بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک باسی لەوە کرد، "سایلۆی فەیدی، بڕی 6 ملیار و 578 ملیۆنی وەرگرتووە لە بانکی گارە پارەکە دابەش دەکرێت، سایلۆی شێخان، 23 ملیار و 968 ملیۆن لە بانکی شێخان دابەش دەکرێت، سایلۆی زاخۆ سێ ملیار و 6174 ملیۆنە و لە بانکی خابیر دابەش دەکرێت."
لە پارێزگای سلێمانی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارا دوادەکەوێت
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ شتێکمان لەسەر دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی پێنەگەیشتووە، کەچی لە هەولێر و دهۆک خەریکە تەواو دەبێت."
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی گوتیشی، "ئەگەر سبەی وەڵاممان بدەنەوە، ئەوکات دەبێ رێکارەکان تەواوبکەین و لە بانکی بابان پارەکە وەردەگیرێت، ئەگەر سبەیش نەبێت ئەگەری هەیە بکەوێتە رۆژی سێشەممەی داهاتوو."
ئەم ساڵ وەزارەتى بازرگانی بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن، پارەى ئەو بڕە گەنمەى هەرێمى کوردستان 590 ملیار دینار بوو.
ساڵی 2023، 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
پارەی جووتیاران بەپێی پارێزگاکان:
سلێمانی: 47٫642٫421٫000 دینار.
هەولێر: 44٫045٫043٫000 دینار.
دهۆک: 34٫165٫533٫000 دینار.
کۆی گشتی: 125٫852٫997٫000 دینار.