رووداو دیجیتاڵ
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، پرسی زیندووکردنەوەی بۆریی (گازی عەرەب) بووەتەوە رۆژەڤ، کە دەکرێت سووریا بکاتە رێڕەوی گواستنەوەی گاز بۆ ئەورووپا. گوتەبێژی پێشووی ئۆپێک پڵەس دەڵێت، دەکرێت لە داهاتوودا عێراق و هەرێمی کوردستانیش بچنە نێو پڕۆژەکە.
رۆژی هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2025 د. حەسەن حافز، گوتەبێژی پێشووی ئۆپێک پڵەس میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
گوتەبێژی پێشووی ئۆپێک دەڵێت، پێش دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریا، زۆرترین گفتوگۆ لەبارەی بۆریی گازی عەرەبی دەکرا کە بڕیار بوو لە قەتەرەوە دەست پێبکات و بە شانشینی سعودیە و ئوردندا تێپەڕێت، دواتر بگاتە سووریا، تورکیا و بولگاریا.
حەسەن حافز دەڵێت، بڕیار بوو دروستکردنی بۆرییەکە 2009 دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی شەڕەوە وەستا؛ ئێستاش ئەگەر دەستپێبکاتەوە، دەبێتە هێڵێکی گرنگی سەر ئاستی جیهان و دروستکردنی 3 ساڵ دەخایەنێت. هەروەها گوتی، "هەندێک لەو وڵاتانەی کە پلانی تێپەڕاندنی بۆرییەکەیان پێدا دانرابوو، مەرجی سەختیان بۆ تێپەڕاندنی بەناو خاکەکانیاندا سەپاندبوو لەو کاتەدا."
ئەو گوتەبێژەی پێشووی ئۆپێک دەڵێت، ئێستاش هەندێک بەربەست لەبەردەم بۆرییەکە هەن، لەوانەش پێویستە دۆخی سووریا ئارام بێت و ئابوورییەکەی بنیات بنرێتەوە، بەڵام ئێستا ئەو توانا ئابوورییەی نییە.
دەشڵێت، دۆخی جیۆسیاسیش بەربەستێکی دیکەی بەردەم پڕۆژەکەیە، لەوانە رووسیا کە دەیەوێت وەکو گەورەترین هەناردەکاری گاز لە جیهاندا بمێنێتەوە. بەڵام گوتیشی، لەدوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کە بەهۆی هاوپەیمانیی لەگەڵ رووسیا دژایەتیی ئەو پڕۆژەیەی دەکرد، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.
حەسەن حافز ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لەوەش، یەکێتیی ئەورووپا چیدیکە پشت بە گازی رووسیا نابەستێت. حافز دەشڵێت، لە داهاتوودا عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە هەناردەکاری گەورەی گازی سرووشتی و یەدەگێکی زۆریان هەیە؛ هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بگاتە ئاستێک کە زیادەی لە بەرهەمهێنانی گاز هەبێت و بتوانێت هەناردەی بکات.
عێراقیش ترلیۆنەها مەتر سێجا گازی یەدەگی هەیە و خاوەن دەیەم گەورەترین یەدەگی جیهانە.
لەبارەی بوونی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە پڕۆژەکە دەڵێت، ئێستا هیچ پلانێکی جیدی لەو شێوەیە نییە، بەڵام لە داهاتوودا کاتێک عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەنە ئەو ئاستەی زیادەیان هەبێت لە بەرهەمهێنانی گاز، دەتوانن بچنە نێو پڕۆژەکەوە.
حەسەن حافز گوتی، ئێستا سووریا بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕەوە ناتوانێت هیچ هاوکارییەکی دارایی پڕۆژەکە بکات، بۆیە دەبێت وڵاتانی دیکە کە بۆرییەکە بەنێو خاکەکەیاندا دەڕوات، هاوکار بن لەو پڕۆژەیە.
زیندووکردنەوەی پڕۆژەی بۆرییەکە لەلایەن ئاڵپ ئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت. بایراکتار لەمدواییانەدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ بەدیهێنانی بە سەقامگیری لە خاکی سووریا، دەکرێت کار لەسەر پڕۆژەکە بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەم پڕۆژەیە پاڵپشتیی دارایی زۆر پێویست بۆ حکومەتی سووریا دابیندەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی کە بانکی جیهانی دەڵێت، ئاوەدانکردنەوەی سووریا 250 بۆ 300 ملیار دۆلاری پێویستە.
حەسەن حافز دەڵێت، رەنگە ئەم پرۆژەیە کەرتی وزەی سووریاش بەرەوپێش ببات، چونکە ئەو کەرتە دەکرێت ببێتە فریادڕەس بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی ئەگەر سووریا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی 2011 کە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
گوتەبێژی پێشووی ئۆپێک دەڵێت، هێڵی بۆریی گازی عەرەبی زۆرترین توانای گواستنەوەی 10.3 ملیار مەتر سێجای هەیە؛ پێشتر لە 2003 تاوەکو 2009 بە گوژمەی 1.5 ملیار دۆلار قۆناخێکی تەواوکرا، دواتر بڕیار بوو تورکیاش بگرێتەوە بۆ گواستنەوەی گاز بۆ ئەورووپا، بەڵام ئەو قۆناخە پێش شەڕی سووریا ڕاگیرا.
پڕۆژەکە ساڵانە توانای گواستنەوەی 77 ملیۆن تۆن گازی دەبێت، تێچووی دوایین قۆناخی تەواوکردنی دەگاتە 40 ملیار دۆلار و درێژییەکەی 3200 کیلۆمەتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ