بەهای دینار لە کاتی داخستنی بازاڕ زیاتر دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 43 ملیۆن دۆلاری کاشی خستەڕوو، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا نرخی 100 دۆلار زیاتر لە هەزار دینار بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە. "لە مامەڵەکانی رۆژدا سەرەتا نرخی دینار لە بەرزبوونەوەدا بووە و 100 دۆلار بۆ ئاستی 152 هەزار و 300 دیناریش دابەزیبوو، بەڵام هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی ئاراستەی نرخی دیناری لە بەرزبوونەوەوە بۆ دابەزین گۆڕی."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە شاری بەغدا کرایە ئامانج، فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی و یاریدەدەرەکەی کوژراون.
لەکاتی داخستنی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە سلێمانیش دۆخەکە هاوشێوە بوو؛ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 450 دینار و لەکاتی داخستنیشدا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 500 دینار بووە.
بەم پێیە، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لە هەولێر هەزار و 100 دینار و لە سلێمانیش هەزار و 50 دینار بەرزبووەتەوە.
وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی دراوی هەولێر دەڵێت، "ئەگەر هێرشەکە نەبووایە، نرخی دینار زیاتر بەرزدەبووەوە و ئێستا لە ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، ئەگەری دابەزینی زیاتری بەهای دینار هەیە".
دابەزینی نرخی دینار لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 207 ملیۆن و 723 هەزار و 357 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 163 ملیۆن و 943 هەزار و 357 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 43 ملیۆن و 780 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.
ئەمە بەرزترین ئاستی خستنەڕووی دۆلاری کاشە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە نزیکەی ساڵێکی رابردوودا.
بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنى مامەڵە بە یۆرۆ و لیرەى تورکى شان بە شانى دۆلار، هەوڵدەدات بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بکاتەوە.