مەلا یاسین: 10 ملیاردێر و 8،000 ملیۆنێری دۆلار لە هەرێمی کوردستان هەن

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان 10 ملیاردێر و نزیکەی 8 هەزار ملیۆنێری دۆلار هەن، کە سامانەکانیان بە پارەی کاش و موڵک و ماڵەوە لەسەروو 5 ملیۆن دۆلارەوەیە؛ دەشڵێت: " لەساڵی 2014ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە 30٪ی سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان سەرمایەکانییان لەدەستداوە".
 
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 4-1-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان 10 ملیاردێری دۆلارمان هەیە، کە کەسایەتی و کۆمپانیان و سەرمایەکانییان بە موڵک و ماڵەوە لەسەرووی ملیارێک دۆلارەوەیە؛ هەروەها 7 بۆ 8 هەزار ملیۆنێریشمان هەن کە سامانی هەر یەکێکیان لە 5 ملیۆن دۆلار زیاترە، بەڵام ئەم ژمارەیە بەبەراورد بە ساڵی 2013 کەمبووەتەوە".
 
مەلا یاسین مەحموود گوتیشی: "حەوت لەو ملیاردێرانەی دۆلار لە پارێزگای هەولێر و دووانیان لە سلێمانی و یەکێکیشیان لە پارێزگای دهۆکە".
بە گوتەی مەلا یاسین لە ساڵی 2013دا لە هەرێمی کوردستان 13 ملیاردێری دۆلار هەبوون، لەگەڵ زیاتر لە 10 هەزار ملیۆنێر، کە سامانی هەر یەکێکیان لە 5 ملیۆن دۆلار بەسەرەوەبوو، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە 30٪ی سەرمایەی سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی سەرمایەی سەرمایەداران و ژمارەی ملیاردێر و ملیۆنێرەکان، مەلا یاسین گوتی:" بەهۆی قەیرانی دارایی و قەرزی سەرمایەداران و کشاندنەوەی پارەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی حکومەت لای سەرمایەداران بووە، ئەوە جگە لە دابەزینی نرخی نەوت و نەمانی نەختینە و بەستنی سەرمایەی سەرمایەداران و چەندین هۆکاری دیکە کە وایانکردووە سەرمایەی سەرمایەداران کەمببێتەوە".
 
ساڵی 2014 داعش یەک لەسەر سێی خاکی عێراق داگیرکرد و پەلاماری هەرێمی کوردستانیشی دا؛ نرخی نەوتیش دابەزی؛ لە هەمانکاتدا حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕی؛ لێکەوتەکانی ئەو قەیرانانە و دواتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی 2020دا ئابووریی هەرێمی کوردستانی دووچاری کێشەی گەورە کردەوە. هەرچەندە رەوشی ئابووری باشترە، بەڵام وەکو ساڵانی پێش 2014ی لێ نەهاتووەتەوە.