شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنی مووچەی کەسانی نیڤشکان لە بەغدایە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنی مووچەی نیڤشکان و چەند پرسێکی دیکە لە بەغدایە و سبەی کۆدەبنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 03ی کانوونی یەکەمی 2024، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەکو شاندێکی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە نیڤشکان ئەمڕۆ سەردانی بەغدامان کردووە، بڕیارە سبەی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق کۆبینەوە، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی، "لەسەر چەند تەوەرێک سەردانی بەغدامان کردووە، لەوانە؛ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، هەروەها بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لە 2014ەوە تاوەکو ئێستا ناویان تۆمارکراوە و مووچەیان نییە."
 
بە گوتەی یوسف چاوشین، "ناوی 13 هەزار و 121 نیڤشکان لە لیستێک بۆ بەغدا نێردراوە و ئێستا لەلای وەزارەتی داراییە، ئەوانەی لە2014ەوە تاوەکو ئێستا مووچەیان نییە."
 
لەبارەی تەوەرەکانی دیکە یوسف چاوشین دەڵێت، "ئەو خێزانانەی کە هەژارن، ساڵی دوو سەبەتەی خۆراکی زیادە وەرگرن، واتا لە ساڵێکدا 14 جار خۆراک بدرێت بەو خێزانانەی کە باری داراییان باش نییە."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر 100 هەزار نیڤشکان هەن، ئێستا 73 هەزاریان مووچەیان هەیە، زیاتر لە 27 هەزاری دیکەیان بێ مووچەن.