وەزارەتی نەوتی عێراق: رژدین لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە

03-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، حکومەت رژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی، تەکنیکی و داراییەکانی تایبەت بەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردوونی. دەشڵێت، "حکومەتی عێراق رژدە لەسەر رێکخستنی پڕۆسەکە بە شێوە یاساییە دروستەکەی، بۆئەوەی لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە پەلە بکرێت."
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "حکومەتی عێراق رژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و هەوڵی جیدی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی، تەکنیکی و داراییەکانی تایبەت بە بابەتی ئەو گرێبەستانەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کراون، چونکە ئەو گرێبەستانە جیاوازن لەو گرێبەستانەی حکومەتی عێراق یان وەزارەتی نەوت دەیانکات؛ بەو پێیە پێویستە شێوازی یاسایی ئەو گرێبەستانە بگۆڕدرێت و لەگەڵ ئەو گرێبەستانەی وەزارەتی نەوت دەیانکات بگونجێن."
 
عاسم جیهاد گوتیشی، "چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستە لەگەڵ یاسا و رێنوێنییەکان بگونجێت بۆئەوەی پەلە لە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت، چونکە لە هەناردەکردنەکەدا بەپێی یاسای بودجە شایستەی دارایی لایەنەکانی تێدایە."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی، "حکومەتی عێراق رژدە لەسەر ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بە شێوەیەکی یاسایی و دروست رێکبخات لەپێناو پەلەکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە."
 
لە 25ی ئادارەوە و بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیراوە. بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات یان بداتە وەزارەتی نەوتی عێراق، بەو پێیە زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان دەگاتە هەشت ملیار دۆلار.
 
عاسم جیهاد گوتیشی، "عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا مانگانە لەنێوان 7 بۆ 9 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە کە زۆرترین بووە و رۆژانە بڕی 3 ملیۆن و 200 بۆ 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل هەناردەی هەبووە؛ ئەو داهاتە زۆرەش بەهۆی سەقامگیریی بازاڕەکانەوە بووە. ئەو داهاتە زۆرە بەهۆی هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی ئۆپێک پڵەسەوە بەدەستهاتووە و ئەو هاوئاهەنگییە بەردەوام دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەمڕۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ئەمڕۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی هەموو پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 11ی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت. دەشڵێت، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی دوو مانگی مامۆستایانی گرێبەست لە سنووری پەرەوەردەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک دابەشبکرێت."