بەڕێوەبەرایەتیی باج: 80%ی داهاتی باج لە کۆمپانیاکان وەرگیراوە

03-12-2022
هیدایەت جان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ د. کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ د. کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "حکومەت بە هیچ شێوەیەک باجی لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکردووە و ئەوەی ئێمە کردوومانە تەنیا جێبەجێکردنی یاسای باجە" و لەبارەی داهاتی باجی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ئەو پارەیەی لە باج کۆکراوەتەوە 80% لە کۆمپانیاکان وەرگیراوە؛ لەو رێژەیەش 95%ی لە 250 کۆمپانیای گەورە وەرگیراوە." 
 
رۆژی شەممە 03-12-2022، د. کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لەم کابینەیەی حکومەتدا باجمان رێکخستووەتەوە و هەوڵمانداوە یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە باج جێبەجێ بکەین. ئەو باجەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت هەمان ئەو باجەیە کە ساڵانی رابردوو وەرگیراوە و بەهیچ شێوەیەک زیادی نەکردووە." 
 
د. کەمال وەرتێ گوتی: "باجی خانووبەرە بەپێی یاسا 9%ـە و لای ئێمە زیادنەکراوە. یاساکەش یاسای ساڵی شەستەکانە و باجی داهاتیش یاساکەی ساڵی 1982 پەسندکراوە و تا ئێستا زیادنەکراوە. ئێمە رێگری لە خۆدزینەوە لە باج دەکەین و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە دەیانەوێ خۆیان لە باج بدزنەوە." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەدان کۆمپانیا بەهۆی خۆدزینەوە لە باج دراونەتە دادگە و زیاتر لە دوو هەزار کۆمپانیاش سزای پێبژاردنی داراییان بەسەردا سەپێندراوە. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس دراونەتە دادگە بەهۆی ئەوەی خۆیان لە باج دزیوەتەوە کە زۆربەیان کۆمپانیاکانن." 
 
بە گوتەی د. کەمال وەرتێ، 20% داهاتی باجی هەرێمی کوردستان لە دووکاندار و کاسبکاران وەرگیراوە و دەشڵێت: "ئەو داهاتەی لە باج کۆکراوەتەوە، 80%ی باجی کۆمپانیاکانە و 95%ی ئەو پارەیەش لە 250 کۆمپانیای گەورە وەرگیراوە، واتا زۆربەی هەرە زۆری داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیا گەورەکان وەردەگیرێت." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە: "سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە کۆمپانیا گەورەکان موڵکی هەرکەسێک بن نابێت لە وەرگرتنی باج چاوپۆشییان لێبکرێت، بۆیە هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان نییە کە بەپێی یاسا باجی لەسەر دانرابێت و باجی لێ وەرنەگیرابێت." 
 
لەبارەی کۆکردنەوەی باج لە پارێزگای سلێمانی، د. کەمال وەرتێ رایگەیاند: "کۆکردنەوەی باج لە پارێزگای سلێمانی تا ئاستێکی باش رێکخراوەتەوە و لە مانگی تشرینی دووەم داهاتی باج لەو پارێزگایە نزیکەی 40% زیادیکردووە." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، لە وەگرتنی باج لە کاسبکاران و دووکانداران، داهات و باری خێزانی رەچاو دەکەن و دەشڵێت: "لە بەڕێوەبەرایەتیی باج و دەرامەتی یەکی هەولێر 50 هەزار کەس سەردانیان کردووە و لەو ژمارەیە 20 هەزار کەس باج نەیگرتووەتەوە، لەبەرئەوەی قازانجیان لەو ئاستەدا نەبووە کە باجیان لێ وەربگیرێت." 
 
سەبارەت بە باجی هاوردەکردنی جگەرە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی گوتی: "جگەرە بەپێی پێناسی گومرگی باجی لەسەر زیادکراوە و لەکاتی هاوردەکردنی 50%ی پارەکەی بە قازانج هەژمار دەکرێت و لەو رێژەیەش 15%ی وەک باج وەردەگیرێت. ئێستا ئێمە پێشنیازمان کردووە رێژەی باجەکە زیاتر بکرێت و چاوەڕوانین وەڵاممان بدرێتەوە." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.