نرخی مریشکی زیندوو دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سەرەتای مانگی رابردوو، نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان دابەزی و کیلۆی بە دوو هەزار و 550 دینارە.
کامەران محەممەد، فرۆشیاری مریشک لە شاری هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخەکەی نزیکەی 500 دینار دابەزیوە بەراورد بە مانگی رابردوو، "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 2 هەزار و 550 دینارە."
سەرەتای مانگی رابردوو کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار دیناری تێپەڕاند.
فرۆشیارانی مریشک دەڵێن، هۆکاری بەرزی و نزمیی نرخی مریشکی زیندوو خستنەڕووە لە بازاڕەکاندا، کە هەرکاتێک کێڵگەکانی پەلەوەر پێکەوە بەرهەم دەخەنە بازاڕەکانەوە نرخ دادبەزێت و بە پێچەوانەشەوە بەرز دەبێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە