بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ شەشەم جار لەم ساڵدا نرخی سوودی بانکی زیاد دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ شەشەم جار لەمساڵدا نرخی سوودی بانکی زیادکرد و سەرۆکی بانکەکەش دەڵێت، رەنگە هەوڵەکانی دابەزاندنی هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووریی ئەمریکا هەبێت. لەدوای بڕیارەکەش نرخی زێر زیاتر لە 10 دۆلار دابەزی.
 
بەهۆی ئەوەی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر تەواوی ئەمریکییەکان داناوە، گوشارەکانی سەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا زیادبوون، چونکە کۆمارییەکان ئیدارەی بایدن بە هۆکاری بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و نرخەکان دادەنێن و لە هەڵبژاردنی نیو وەرزی لە ئەمریکا، کە 8ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، هەوڵدەدەن کۆنگرێسی ئەمریکا کۆنتڕۆڵبکەن.
 
زیادکردنی بەرچاوی نرخی سوودی بانکی لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە تاوەکو ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دابەزاندنی نرخەکان لەو وڵاتە نەبووە، بەڵام سەرەڕای بەهێزیی بازاڕی کار، ترسی سستیی ئابووریی دروستکردووە.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 02-11-2022 نرخی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ زیادکرد، بەوەش جاری چوارەمە لەسەریەک نرخەکە بەو رێژەیە زیادبکات و، شەشەم جاریشە لەمساڵدا رێژەکە زیادبکات. هۆکاری زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسانە لەو وڵاتە، کە هەرچەندە لە مانگی ئەیلوولدا بۆ 8.2٪ دابەزی، بەڵام هێشتا لە بەرزترین ئاستیدایە لە 40 ساڵی رابردوودا.
 
هاوکات لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە نرخی سوودی بانکی زیاتر بەرزبکەنەوە بۆ دابەزاندنی نرخەکان، بەڵام لە هەنگاوەکانی داهاتوودا کاریگەرییەکانی بڕیارێکی لەم جۆرە لەسەر ئابووریی ئەمریکا لەبەرچاودەگرێت. بەوەش رەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر زیادبکات.
 
لەدوای هەنگاوەکەی ئەم دواییەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، ئێستا کۆی نرخی سوودی بانکی لە ئەمریکا گەیشتووەتە 4٪، کە بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی یەکی ساڵی 2008ـەوە.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی هێشتا ئەندامانی لیژنەی بازاڕی ئازادیی بانکەکە ئامادە نین هەوڵەکانیان بوەستێنن.
 
لە کاتێکدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوودی بانکییەوە نرخەکانی خانووبەرە لە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، بەڵام رێوشوێنە سەرەکییەکانی هەڵاوسان دەریدەخەن کە نرخەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.
 
پاوڵ لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "بەدیهاتنی کاریگەریی تەواوەتیی سنووردارکردنی نەختینەیی، بە تایبەتی هەڵاوسان، پێویستی بە کاتە". دەشڵێت، "بە بڕوای من، هێشتا زۆر زووە بیر لەوە بکەینەوە بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی بوەستێنین یان باسی لێوە بکەین و، هێشتا رێگەیەکی دوور و درێژمان لەبەردەمدایە".
 
پاوڵ باسی لەوەش کرد، رەنگە لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمدا بانکی ناوەندی باس لە ئەگەری خاوکردنەوەی زیادکردنی نرخی سوودی بانکی بەو رێژە بەرچاوە بکات.
 
لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە مەبەستی خۆلادان لە سستیی ئابووری سیاسەتێکی تووندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان دەستپێکردووە، گوشاری سیاسییەکان لەسەر بەرپرسانی بانکەکەش زیادیان کردووە.
 
پاوڵ دان بەوەدا دەنێت کە رەنگە هەوڵەکانی دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان گەشەی ئابووریی ئەمریکا کەمبکەنەوە، ئەوەش گوشارەکانی سەر بایدنی زیادکردووە.
 
بەڵام پاول ئاماژەی بەوە کردووە، رێگەدان بە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ ئاستێک کە لە ئابووریی ئەمریکا رەگی داکوتێت و ببێتە شتێکی ئاسایی، کاریگەریی زیاتر لەسەر ئەمریکییەکان دادەنێت.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا پاول ئەو رەخنانەی رەتکردەوە کە گوایە بانکی ناوەندی زۆر خێرا هەنگاوی ناوە و دەڵێت، ئاسۆی گەورەترین ئابووریی جیهان [ئابووریی ئەمریکا] زۆر نادیارە.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری سستیی ئابووریی ئەمریکاشەوە دەڵێت: "کەس نازانێت سستیی ئابووری روودەدات یان نا، ئەگەریش رووبدات، تا چ ئاستێک قووڵ دەبێت".
 
کارین جان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی زیادکردنی نرخی سوودی بانکییەوە دەڵێت، هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا "بەشێکە لە گواستنەوەمان" بۆ "گەشەکردنێکی جێگیر و بەردەوام لەگەڵ کەمبوونەوەی هەڵاوسان".
 
لەدوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.72٪، یاخود 11 دۆلار و 78 سەنت دابەزی و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1635 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هاوکات لەدوای بڕیارەکە پێنوێنی نرخەکانی بازاڕە داراییەکان دابەزین؛ پێنوێنی نرخەکانی داو جۆنس بە رێژەی 1.6% و بۆ 32,147.76 خاڵ، ئێس پی بە رێژەی 2.5% و بۆ 3,759.69 خاڵ و، بازاڕەکانی نەسداکیش بە رێژەی 3.4% و بۆ 10,524.79 خاڵ بەرزبوونەوە.