نرخی نەوت 5% بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نرخی نەوت زیاتر لە 3 دۆلار و نیو بەرزبووەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوتی برێنت 3 دۆلار و 49 سەنت، واتە بەڕێژەی 5٪ بەرزبووەوە؛ هەر بەرمیلێک بە 77 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 3 دۆلار و 54 سەنت، یاخود 4.80٪ بەرزبووەوە. هەر بەرمیلێک بە 73 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە یەک مانگی رابردوودا.
 
ترسی وەبەرهێنەر و بازرگانانی بازاڕی نەوت زیادبووە لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە و دواتریش کاردانەوەی دیکەی ئێران.
 
فلیپ فلین، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە 'پرایس فیوچەرس گرووپ' دەڵێت، ئەم "پێشهاتە توانای بازاڕ تاقیدەکاتەوە، چونکە تاوەکو ئێستاش مەترسیی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بە کەم بینراوە، چونکە هێشتا بەرهەم و هەناردەکردن نەپچڕاوە، بۆیە ئەمە [ئەگەری هێرشی ئیسرائیل] ئاراستەی یارییەکە دەگۆڕێت".
 
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، ئەم پێشهاتە "ئەگەری زۆری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دروست دەکات. بازاڕیش خۆی بۆ ناجێگیرییەکی زۆر ئامادە دەکات".
 
ئاشلی کێڵتی، شرۆڤەکاری بازاڕ لە دامەزراوەی 'پانمۆر گۆردۆن' دەڵێت، نیگەرانیی زۆر هەن لەوەی ئەگەری هێرشێکی لەم جۆرە وابکات، ئێران گەرووی هورمز دابخات. ئەمە مەترسییەکی گەورە دروست دەکات، بەوپێیەی نزیکەی 20٪ـی بەرهەمی نەوتی جیهان لە رێگەی هورمزەوە دەگوازرێتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
 
زۆرینەی شارەزایان لەو باوەڕەدان، ئەگەری کەمە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 80 دۆلار، کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکای هاوپەیمانی و بە زیانی ئەوان دەشکێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان گوتووە، ئیسرائیل پلانی هەیە سێکتەری وزەی ئێران بکاتە ئامانج.
 
هێرزی هالیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت، "وەڵام دەدەینەوە، خۆمان دەزانین چۆن پێگەی گرنگ هەڵبژێرین، دەزانین چۆن بە وردی و بەهێزەوە لێی [لە ئێران] بدەین".