بۆ یەکەم جار عێراق مامەڵەى بازرگانى بە یۆرۆ لەگەڵ تورکیا دەستپێدەکات

 رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ یەکەم جار ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان عێراق و تورکیا بە یۆرۆ دەستپێدەکات و کۆمپانیایەکى بەریتانی وردبینى مامەڵەکان دەکات. 
 
ئەو هەنگاوە ئەمڕۆ پنێجشەممە 3ى تشرینى یەکەم بۆ یەکەم جار دەستیپێکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەى عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق، لەگەڵ ئۆنێل بورا ئینان، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق و شاندێک لە نوێنەرانى ئەو بانکە تورکیانەى لە عێراق کاردەکەن.
 
بەگوێرەى ئەو هەنگاوە بازرگانانى عێراق دەتوانن بە یۆرۆ مامەڵەى بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەن لە برى دۆلار، بەڵام ئەو مامەڵانەیان دەبێت لە رێگەى لقى بانکە تورکییەکانەوە بێت لە عێراق.
 
 بانکى ناوەندیی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، کە ئامانج لە دەستپێکردنى ئەو هەنگاوە بۆ "یەکەم جار" ئەوەیە، پارەى پێویست بۆ بازرگانی بەشێوەیەکى "رێکوپێک و خێرا" دەستەبەر بکرێت.
 
 ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى جیهان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پرۆسەى ئاڵوگۆڕە بازرگانییە بە یۆرۆ لە رێگەى لقى بانکە تورکییەکانەوە دەکرێت و لە لایەن کۆمپانیای (EY - Ernst & Young) وردبینی دەکرێت، کە پێشتر بانکى ناوەندیی عێراق و بانکى فیدراڵى ئەمریکا لەسەرى رێککەوتوون.
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى ساڵانەى بازرگانى نێوان عێراق و تورکیا 20 ملیار دۆلارە، کە زۆرینەى بە دۆلار دەکرێت.
 
بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى جیهان رایگەیاند، کە پێشتر بانکى ناوەندى یۆرۆى بە نرخى فەرمى بە بانکە تورکییەکان داوە، بۆ ئەوەى ئەو مامەڵەیەى بازرگانانى عێراقى پێ بکەن.
 
بانکى ناوەندى ئەو بڕە یۆرۆیەى بە بانکە تورکییەکان دەفرۆشێت، دەیگۆڕێت بۆ بەهاکەى بەرامبەر بە دۆلار و بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینار دیاری دەکات. 
 
 ئامانجى هەنگاوەکەى بانکى ناوەندیى عێراق ئەوەیە، خواست لەسەر دۆلار کەم بکاتەوە بۆ مامەڵە بازرگانییەکان، تاوەکو بەهاى دینار بەرامبەرى بەرز ببێتەوە، کە ئێستا 100 دۆلار بەرامبەر بە زیاتر لە 150 هەزار دینارە.