شرۆڤەکارێکی بۆرسە: ئەم هەفتەیە زێڕ بکڕن

رووداو دیجیتاڵ
 
پێشبینی دەکرێت، لەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ دابەزێت. شرۆڤەکارێکی بازاڕەکە دەڵێت، "ئەمڕۆ و سبەی، بەر لە داخستنی بازاڕ، زێڕ بکڕن".
 
د. محەممەد ئەمین، شرۆڤەکاری بازاڕی بۆرسە لە رێگەی زوومەوە لە جنێڤی سویسراوە میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو.
 
د. محەممەد گوتی، "هۆکاری مانەوەی نرخی زێڕ لەو ئاستە بەرزەدا نەفرۆشتنیەتی لە لایەن بازرگانان و خەڵکەوە، کە بەهۆی ئەو دۆخەوە ترسیان لە فرۆشتنی زێڕەکانیان هەیە".
 
بەڵام بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە "لەم دۆخەدا کڕیاری زێڕ زۆرە". دەشڵێت، "خەڵک دەتوانن ئەمڕۆ و سبەی زێڕ بکڕن". پێشبینی دەکات نرخی زێڕ ئاستی دابەزینی بۆ هەر ئۆنسەیەک بگاتە 2629 دۆلار.
 
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ لە ئاستێکی بەرزە و جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لە ئاستی جیهانی، ئەمڕۆ بەهۆی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، نرخی زێڕ بە مسقاڵ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژووی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئەمڕۆ نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:  
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24=672,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=616,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=588,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=505,000 دینار
 
لە مانگی ئەیلوولدا، نرخی زێڕ بە رێژەی 5.4٪ بەرزبووەوە، لەڕووی تەکنیکییەوە ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت بۆ نزیکەی ئاستەکانی 2685 دۆلار بەرزببێتەوە، ئەگەری دابەزینی بۆ نزیکەی 2600 دۆلار هەیە.
 
د. محەممەد ئەمین، ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 2700 دۆلار، بەڵام ئەگەر ئەو هێرشە نەکرێت، زێڕ لە دوورمەودا هەر دەگاتە ئەو ئاستە، چونکە ئێستا هەواڵە ئابوورییەکان زۆر کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ نییە کاریگەرییەکانیان کاتییە، ئاڵۆزی و شەڕەکان کاریگەری خێرایان لەسەر نرخەکەی هەیە.
 
ئەم ساڵ کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانیش گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، بانکەکان لە چارەکی یەکەمی 2024ـدا 290 تۆن زێڕیان کڕی. لەکاتێکدا لە هەمان چارەکی ساڵی پێشوودا 213 تۆن زێڕیان کڕیبوو.