عێراق دەیەوێت کۆنترۆڵی هاوردەکردنی زێڕی هەرێمی کوردستان بکات

03-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق دەیەوێت کۆنترۆڵ و سەرپەرشتیی هاوردەکردنی زێڕی هەرێمی کوردستان بکات. ناوەندی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکاتەوە و بەنیازیشە هەمان ناوەند لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش بکاتەوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 03-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەمەبەستی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوردەکردنی زێڕ و خێرا بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بڕیاردراوە لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە، پشکنین بۆ زێڕ بکرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، پێشتر پشکنینی زێڕ کاتێکی زۆری  پێدەچوو، دەبرایە کوالێتیی کۆنترۆڵ لە بەغدا، دواتر رێگەی هاوردەکردنی پێدەدرا؛ بەڵام ئێستا لە فڕۆکەخانەکانەوە پشکنین بۆ زێڕەکە دەکرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بهێنرێت.
 
ئێستا لە فڕۆکەخانەی بەغدا ئەو پشکنینە دانراوە. هینداوی گوتی، لە فڕۆکەخانەکانی کەرکووک، نەجەف و بەسرەش دادەنرێت. بۆ کەرکووکیش دەستیان بە ئامادەکاری و کڕینی کەرەستەی پێویستی پشکنینی زێڕ کردووە.
 
سەبارەت بە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت "بڕیارە لە فڕۆکەخانەی هەولێر، ناوەندێک بۆ پشکنینی زێڕ دابنێین؛ بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی."
 
ئەمڕۆ هەژار قادر، خاوەنی کۆمپانیا و یەکێک لە بازرگانانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پشکنینی هاوردەکردنی زێڕ دەکات. بەو هەنگاوە بەغدا هەوڵدەدات خۆی راستەوخۆ کۆنترۆڵ و سەرپەرشتیی هاوردەکردنی زێڕی هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە دەیەوێت ناوەندێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر بکاتەوە." 
 
بەگوتەی ئەو بازرگانە، زیاتر لە 90٪ـی هاوردەکردنی زێڕی عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە و بەدیاریکراوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ "چونکە لە رووی ئەمنییەوە بازرگانان بەتەواوی پارێزراون و لەخۆیان دڵنیان؛ بەڵام لە بەغدا زۆر جار تووشی رفاندن و دزی و هەڕەشەکردن دەبنەوە."
 
زێڕ لە تورکیا، ئیمارات و ئیتاڵیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەژار قادر گوتی "ئەم ساڵ 33 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە؛ لەو بڕە 30 تۆنی هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە." گوتیشی "هەفتانە نزیکەی 400 کیلۆ زێڕ لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت، کە نزیکەی 350ـی بۆ ناوچەکانی عێراقە".
 
هەژار قادر، دەشڵێت "لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ساڵانێکی زۆرە پشکنین بۆ زێڕ دەکرێت، من پسووڵەی ساڵی 2008ـی پشکنینم ماوە. پرۆسەکە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات."  
 
بەغدا چەندجارێک هەوڵیداوە هاوردەکردنی زێڕ لە هەرێمی کوردستان قەدەخە بکرێت؛ لە 31-08-2020 بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر قەدەخەکرا؛ بەڵام دواتر دوای گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، دەستیپێکردەوە.
 
ئەو بازرگانە باس لەوەدەکات، دوو مانگ لەمەوبەر بەغدا بانگهێشتی بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە، پێیگوتوون هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن، تاوەکو زێڕ و کاڵای دیکە لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە هاوردە بکەن. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە