زۆرترین هەناردەی باکووری کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقە دواتر بۆ ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان کە ئەندامی یەکێتی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵن، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بە بەهای 999 ملیۆن و 833 هەزار دۆلار کاڵایان هەناردە کردووە.
یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە لە بازرگانانی پارێزگاکانی دیلۆک، رووها، مەڕەش، سەمسوور، مێردین، شرنەخ، ئێلیهـ و سێرت ـی باکووری کوردستان پێکهاتووە رۆژی (چوارشەممە، دووی تشرینی یەکەم) ئاماری هەناردەکردنی مانگی ئەیلوولی 2024ـی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا هەناردەی ئەم یەکێتییە بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 3.5٪ کەمیکردووە و بەبەهای 999 ملیۆن و 833 هەزار دۆلار بووە.
زۆربەی هەناردەی باکووری کوردستان لە پارێزگای دیلۆکەوە بووە. کۆمپانیاکانی دیلۆک لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بە بەهای 841 ملیۆن و 941 هەزار دۆلار کاڵایان هەناردە کردووە.
بەپێی ئامارەکان پارێزگاکانی باکووری کوردستان زۆرترین هەناردەیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە.
لە هەناردەکردنی باکووری کوردستاندا، هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی یەکەم، ئەمریکا لە پلەی دووەم، سووریا لە پلەی سێیەم، بەریتانیا لە پلەی چوارەم و ئەڵمانیا لە پلەی پێنجەمدایە.
ئەحمەد فیکرەت کلەجی، سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ گوتی "ئێمە، هێشتا دوورین لە ئامانجەکەمان و ماوەی چوار مانگە هەناردەکردنمان لە کەمبوونەوەدایە. بەهۆی هەلومەرجی ئابووریی ئەمڕۆوە، رووبەڕووی هەندێک سەختی بووینەتەوە. لەپێناو دوورکەوتنەوە لە ئاستەنگییەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان و کەرتی تایبەت پێکەوە کاردەکەن."