وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە

03-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، بەپێی خشتەکە لەماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 3-10-2024)ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "رۆژی هەینی 4-10-2024 دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینی شارستانی دەستپێدەکات و رۆژی سێشەممە 8-10-2024 بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو وەزارەتەکە لە راگەیێندراویکی دیکەدا زانیاریی لەبارەی مووچەی مانگی ئەیلوول بڵاوکردەوە.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی شەوی سێشەممەدا هاتووە "دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق راگیرابوون، لە هەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت."
 
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی لەڕێگەی شاندێکی لە بەغدا روونکردنەوە و زانیاریی پێویستی لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "بە بیانووی جیاواز راگیرابوون،" بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی، پێشکەشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە، دەشڵێ "بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن. "

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە