کەمال موسلیم: کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان کارگە دەکەنەوە

03-10-2023
هیدایەت جان
کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوارەمین پێشانگەی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە ئامادەبوونی 80 کۆمپانیای ئێرانی کرایەوە و وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داوامان لە خاوەن کۆمپانیا ئێرانییەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان کارگە و کارخانەی گەورە بکەنەوە".
 
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە رێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین پێشانگەی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێسانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان و ئێران کرایەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گوتارێکی پێشکێشکرد. وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، کۆمپانیا ئێرانییەکان "لە هەرێمی کوردستان کارگە دەکەنەوە".
 
پارێزگای سلێمانی شەش دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران هەیە 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، "ئەم پێشانگەیە شوێنی بەیەکگەیشتنی کارگە نێوخۆییەکانی سلێمانییە لەگەڵ کارگە و کۆمپانیاکانی ئێران و ئاشنابوونیانە بە پێداویستییەکانی بازاڕی ئێمە، هاوکات شوێنێکیشە بۆ ئاشنابوونی خەڵکی سلێمانی بە کاڵا و بەرهەمە ئێرانییەکان".
 
پارێزگاری سلێمانی گوتی، "سلێمانی دەرفەتی باشی سەرمایەگوزاری تێدایە و ئەو پێداویستییانەی دێنە نێو سلێمانییەوە خواستی هەموو باشوور و نێوەڕاستی عێراقیش پڕدەکەنەوە، لەبەرئەوەی لەو 12 دەروازە نێودەوڵەتییەی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیەتی، شەش دەروازەیان دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەگەڵ ئەوەش 50 خاڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان هەیە کە دەتوانن گەشە بە بوارە بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیارییەکان بدات".
 
جموجووڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران "سست نەبووە"
 
کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا جەختی لە گرنگیی هەبوونی ئەم جۆرە پێشانگەیانە بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و رەخساندنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، داوایان لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان کارگە و کارخانەی گەورە دابنێن.
 
وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە و بەشداریی کۆمپانیاکان دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بەرهەمەکانیان لە نزیکەوە بە خەڵک پێشان بدەن و خەڵکیش لە پێشانگەیەکدا بتوانێت زۆرترین بەرهەم ببینێت".
 
کەمال موسلیم پێیوایە، "هاتنی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بۆ سلێمانی و هەرێمی کوردستان نیشانەی بوونی ئارامییە لەو سنوورە و دەرفەت هەیە بۆ وەبەرهێنان و بەشداربوونی کۆمپانیاکان، هاوکات پێشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزە".
 
لەبارەی ئاستی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، "لە هەموو دەروازە سنوورییەکان جموجووڵی بازرگانیی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و هیچ سستییەکیان تێنەکەوتووە" 
 
کۆمپانیا ئێرانییەکان "لە هەرێمی کوردستان کارگە دەکەنەوە"
 
کەمال موسلیم داوای لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کرد لە هەرێمی کوردستان کارگە دابمەزرێنن و دەڵێت، "داوای کردنەوەی کارگە و کارخانەی گەورەم لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کردووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانیان هەبێت و هەر لێرەش کاڵاکانیان ساخ بکەنەوە".
 
بۆ ئەو مەبەستەش وەکو وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، "ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکانی ئێران بە نیازن لە ماوەیەکی نزیکدا بێن لەگەڵ ئێمە کۆببنەوە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کارگە دابنێن".
 
لەبارەی گرانیی نرخی کارەبا کە زۆربەی کارگە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەدەستییەوە دەناڵێنن، وەزیری بازرگانی گوتی، "هەوڵمانداوە ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر بکەین".
 
"پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەدەین"
 
محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی لە سەرەتای گوتارەکەیدا یادی شەشەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلالی کردەوە و گوتی، "ئەمڕۆ کە ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە و باس لە پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو سنوور دەکەین، بەشێکی زۆری بەهۆی هەوڵەکانی خوالێخۆشبوو مام جەلالە، ئەو بە دروستی ئێرانی وەکو گەورەترین دۆست و پشتیوانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەزانی".
 
محەممەد مەحموودیان دەڵێت، "هەوڵێکی زۆرمان داوە ئەم چوارەمین پێشانگە تایبەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشانگەکانی پێشوو باشتر و بەبەرهەمتر بەڕێوەببەین، هەرچەند لە ساڵانی رابردوو خەڵک و چالاکانی بواری ئابووری سەردانی باشی پێشانگەکەیان کردووە، بەڵام هیوا دەخوازین ئەمساڵ پێشوازییەکی گەرمتر لەلایەن خەڵکی سلێمانییەوە لە پێشانگەکە بکرێت".
 
سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی پێیوایە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژوو، لە سەردەمی سەدام حوسێن، لە سەردەمی شەڕی داعش و هەمیش لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاڵپشتی یەکتر بوون و ئێستاش دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانمان بەرەو پەرەپێدانی ئاوبووری و بازرگانی بنێین".
 
محەممەد مەحموودیان دووپاتیدەکاتەوە، "پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی وەکو نەوت، پەترۆکیمیایی، خزمەتگوزاریی ئەندازیاری و تەکنیکی، بیناسازی، گەشتیاری و گەشتیاریی تەندروستی، توانای گەشەکردنی زیاتریان هەیە، ئێمە 580 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان بەیەکەوە هەیە و شەش دەروازەی فەرمی و نافەرمیمان بەیەکەوە هەیە، ئێستاش توانای کۆمپانیا ئێرانی و کوردەکان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە جاران زیاترە".
 
زیاتر لە 80 کۆمپانیای ئێرانی لە چوارەمین پێشانگەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشدارییان کردووە و سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت؛ "سەرمایەدارانی ئێرانی ئامادەیی ئەوەیان تێدایە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و بەرهەمهێنانی هاوبەشیان لەگەڵ ئێوە هەبێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە