وەزارەتی کشتوکاڵ: ئامادەکاری دەکەین بۆ هەناردەکردنی هێلکە و مریشک بۆ ئیمارات

03-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن هێلکە مریشک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی. دەشڵێت، "ئێستا سەرقاڵی هەناردەکردنی بەربوومی کشتوکاڵی و پەلەوەرین." گوتیشی، 31 رێککەوتن و یاداشتنامەیان لە کەرتی کشتوکاڵیدا لەگەڵ وڵاتان واژۆکردووە و بەمنزیکانە مریشک و هێلکە و پەتاتە هەناردەی دەرەوە دەکەن.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، ئێستا جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەرووبوومەکانیان (سەوزە، میوە، پەلەوەر) هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکەن و بەپێچەوانەشەوە، کەی بەرهەمی نێوخۆیی کۆتاییهات، ئەوکات هەردوولا رێکدەکەون لە شێوازی هاوردەکردنی بەرهەم بۆ دەرەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی هێلکە و مریشک دا گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمی نێوخۆ زیاترە لە ئاستی خواست. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی پەتاتە، تەماتە، خەیار و سەوزەش گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵ باس لەوە دەکات، 10 ساڵ پێش ئێستا بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 60 هەزار تۆن بوو، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 600 هەزار تۆنە، لەکاتێکدا خواستی نێوخۆیی نزیکەی 250 هەزار تۆنە، "بۆیە کار لەسەر هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەکەین و ئێستا رێککەوتنێکیشمان لەگەڵ ئیمارات کردووە بۆ ئەوەی بەرهەمی پەلەوەری و هێلکە هەناردەی ئیمارات بکەین."
 
بەشێک لەو بەروبوومانەی هەناردەی دەرەوە دەکرێن، لە ئاستی خۆبژێوی زیاتر نییە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئامانجەکە هاندانی سەرمایەگوزاری و خستنەڕووی بەرهەمی نێوخۆی کوردستانە. ئێستا لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە کە لیژنەی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنە، وەزارەتی کشتوکاڵ سەرپەرشتی دەکات و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران دەکات."
 
بەگوتەی هیوا عەلی، بۆ هاندانی زیاتری جووتیاران، پار راهێنان بە هەزار جووتیار کراوە بۆ ئەوەی رابهێنرێن لەسەر باشترکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بەتایبەت ئەو جووتیارانەی کاری باخداری دەکەن.
 
لەبارەی دابینکردنی بنەتۆو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هیوا عەلی گوتی، لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار جووتیار سوودمەندبوون لە دابینکردنی بنەتۆو بە نرخی پاڵپشتیکراوە کە هەر تۆنێکی 214 هەزار دینار لە نرخی بازاڕ کەمتر بووە، لە هەفتەکانی داهاتووشدا دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ دابینکردنی بنەتۆو بۆ جووتیاران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی لە بەغدا لە 15-12-2024

شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی تیمی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتی نێوخۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دێت و سبەی شاندێک دەچێتەوە بەغدا.