رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 200 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و "ئومێد دەکەین تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو بگات."
رۆژی یەکشەممە 03-10-2021، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەڵمەتێکی بۆ پەرەدان بە تواناکانی ئافرەتان و برەودان بە چیرۆکە سەرکەوتووەکان رێکخست، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ژمارەیەک کۆنسوڵ بەشداربوون.
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا گوتی "ئەم 200 ملیارە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا 200 ملیارە نەهاتووە و ئومێدەوارین تاوەکو پێنجشەممە بێت."
چەند رۆژێکە لە چەند شوێنێکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی بووتڵێک غاز بووەتە 12 هەزار دینار. لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا جووتیار عادل گوتی "لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی بەرهمهێنانی غاز و بریکارەکان قسەمان کردووە. پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا نرخەکەی بگەڕێتەوە دۆخی پێشتر."
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "کێشەی غاز نەماوە و بەمزووانە بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت."
بڕیارە ئەمساڵ بەرمیلێک نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشبکرێت، جووتیار عادل گوتی "تاوەکو ئێستا دیارنییە نرخەکەی چەندە، بەڵام دیاریکراو دەبێت و نەوتە سپییەکەش بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەبێت و لە عێراق دەیکڕینەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
بەگوتەی جووتیار عادل، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق کۆببنەوە "رێککەوتن لەسەر بڕی نەوتەکە دەکرێت و دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ