بانکی ناوەندیی عێراق: کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتپێدراو نین

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری داخستنی زیاتر لە 400 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان و لقەکانیان دەدات؛ 27 رۆژ مۆڵەتیش دادەتە کۆمپانیاکانی جۆری (C) بۆئەوەی تێکەڵکردنەوە بکەن. سەرۆکى ئەنجوومەنى بازاڕى دراوى هەولێر دەڵێت، "یەک ساڵ دەبێت سەرقاڵی رێکارەکانی تێکەڵکردنەوەی کۆمپانیاکانین بەپێی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندی و تەواو نەبوون."
 
بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئەیلوولی 2024 لەلایەن عەممار حەمەد خەلەف، جێگری بەوەکالەتی پارێزگاری بانکەکەوە واژۆ کراوە و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بە کردنەوەی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A و B) رازی نییە و دەبێت لقەکانیشیان دابخەن.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "رەزامەندی بۆ کردنەوەی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A و B) نادەین وەک کۆمپانیای نێوەندگیر کار بکەن، چونکە ئەو کۆمپانیایانە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێنەدراوە و ناتوانن کار بکەن تاوەکو مۆڵەتی سەرەتایی وەردەگرن."
 
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، "سەبارەت بە لقەکان، کۆمپانیاکان نووسراوی کۆتاییهاتنی کارەکانیان بۆ ناردووین و ناتوانن وەک کۆمپانیای نێوەندگیر کارەکانیان بکەن."
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری دۆسییەکە، بەپێی بڕیارەکە، دەبێت 400 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕ و نزیکەی 30 لق دابخرێن. ئەمەش جگە لە زیانە ئابوورییەکەی، زیاتر لە هەزار کەس بێکار دەبن.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان دا 641 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، بەشێکیان پێشتر رێکارەکانیان بۆ تێکەڵکردنەوە بەپێی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندی پێشکێش کردبوو، ئەوانەی دادەخرێن ئەوانەن کە رێکارەکانیان دەستپێکردبوو.
 
لەبارەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری (C)، بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "ئەوانەی تاوەکو 31ی تەممووزی 2024 داواکاریی مۆڵەتپێدانیان وەرنەگرتووە، لەلایەن بانکەکەوە بە کۆمپانیای بێمۆڵەت هەژمار دەکرێن، بەو پێیە ناتوانن لە بارەگاکانیان کار بکەن."
 
هەروەها بۆ تۆمارکردنەوەی کۆمپانیاکانی جۆری (C)، ئەوە خراوەتەڕوو، "تاوەکو 30ی ئەیلوولی 2024 و بۆ دواجار مۆڵەت دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە جۆری (C) تێکەڵ ببنەوە و پێویستییە سەرەتاییەکانی مۆڵەتدانمان پێبدەن."
 
سیامەند مەولوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى بازاڕى دراوى هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، نزیکەی ساڵێک دەبێت دەستمان بە رێکارەکان کردووە، بەڵام بەهۆی زۆریی رۆتینەوە هێشتا تەواو نەبوون. باشترە لەسەر ئەو بڕیارە خێرا جووڵە بکرێت، چونکە زیان بە ئابووریی کوردستان دەگەیێنێت."
 
سەرۆکى ئەنجوومەنى بازاڕى دراوى هەولێر دەشڵێت، "ئەو نووسراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کۆمپانیاکانی جۆری (A و B)، (ئەوانەی داوایان کردبوو لەو دوو جۆرە تێکەڵ بکرێنەوە) ناتوانن کاری کۆمپانیای جۆری (C) بکەن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "بەپێی نووسراوەکە، دەرفەت بۆ کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی پێشوو لە جۆری (C) نەماوە کە تاوەکو 31ی تەممووزی ئەم ساڵ دیاریکرابوو، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت مۆڵەت وەربگرن لەسەر داوای وەزارەتی بازرگانی دەتوانن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە داواکاری پێشکێش بکەن."
 
رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2023، لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە 29/س/4 نووسراوێکی ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو کرد بۆ ئەوەی خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـی هەموارکراوی تایبەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو بکەن.
 
لە نووسراوکەدا رۆژی 1ـی ئاداری 2023 دیاریکرابوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ هەمواری رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بگونجێنن، بە جۆرێک پێنج کۆمپانیا بکرێن بە یەک.
 
دابەشکردنی کۆمپانیاکان بەپێی جۆرەکانی (A-B-C) بەپێی سەرمایەکانیان دەبێت، بانکی ناوەندی دەیەوێت لە رێگەی ئەو رێوشوێنانەوە ژمارەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کەم بکاتەوە.
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، کۆمپانیای جۆری A سەرمایەی لە پێنج ملیار دینار کەمتر نەبێت و جۆری B دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار  کەمتر نەبێت، کۆمپانیاکانی جۆری C  سەرمایەکانیان 500 ملیۆن دینار کەمتر نابێت.