یەک تریلیۆن و 150 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
یەک تریلیۆن و 150 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە. ئەندامێکی شاندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوە. لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، شایستەی دارایی 25٪ی جووتیاران ماوە خەرج بکرێت.
پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 590 ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
بە مەبەستی خەرجکردنی شایستەکانیان و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرەتای ئەم هەفتەیە نوێنەرانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد.
جووتیارەکان نزیکەی 60 کەس بوون. نوێنەرایەتیی نزیکەی 10 هەزار جووتیاری هەرێمی کوردستانیان دەکرد. رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکانیان، جووتیارەکان رۆژی دووشەممە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. رۆژی سێشەممە 03-09-2024 میران دەروێش حاجی، یەکێک لە ئەندامانی شاندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی شایستەکانمان بۆ خەرج دەکرێت، بۆیە گەڕاینەوە هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی میران دەروێش، "لە رێگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە ئاگادار کراینەوە، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی کۆی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوە کە 500 ملیار دینارە". گوتیشی، "بڕیارە بەمنزیکانە پارەکە خەرج بکرێت و پێویست بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش ناکات."
نزیکەی یەک تریلیۆن و 150 ملیار دیناری شایستەی دارایی هەموو جووتیارانی عێراق ماوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سوودانی وەک هەنگاوی یەکەم؛ رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 500 ملیار دینار داوە، کە بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەی دیکەی بۆ پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدینە.
نزیکەی 300 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی نەینەوا ماوە خەرج بکرێ، رۆژی سێشەممە 03-09-2024، ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: 25٪ پارەی جووتیارانی عێراق نەدراوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، پارەی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و تەنانەت بەغداش ماوە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کێشەی سەرەکیی دواکەوتنی شایستەکان، نەبوونی پارەی کاشی پێویستە، بەڵام ئێستا هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار لە خەرجکردنی شایستەی سەرجەم جووتیاران بدات.
رۆژی سێشەممە 03-09-2024، سائیر عەبدولکازم جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە خەرج بکرێت، چونکە ئەمە مافی خۆیانە."
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ گوتیشی، "یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لەوەی پاری کاش بۆ خەرجکردنیان نییە، تەنانەت لە هەندێک باردا مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانیش دوادەکەوێت."
ئەم ساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 800 تۆن گەنمی زیاتر وەرگرتووە لەو بڕەی بۆ دیاریکرابوو، ئەو زیادەیە زیاتر بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بووە، چونکە وەرزی دروێنە و رادەستکردنی گەنم زووتر بووە و پارەکە دراوتە ئەوان و ئێستا وەزارەتی بازرگانی پارەی پێویستی نییە بیدات. دەبێ سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار لە خەرجکردن بدات، بۆیە تاوەکو ئێستا پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکە وەک کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین نەدراوە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی گوت، "هەموو شتێک کۆتایی پێهێنراوە و وەزارەتی دارایی بڕی 1 ترلیۆن دیناری بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نەینەوا و کەرکووک تەرخان کردووە." گوتیشی: "بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە نووسراوێکی وەزارەتی دارایی لەبەردەست سەرۆکوەزیراندایە، ئەویش رەزامەندی داوە و لەم چەند رۆژەدا بە فەرمیی سەرجەم پارەکە بە گوژمەیەک رەوانە دەکرێت."
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە رووداوی گوت: "چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین پارەمان بۆ خەرج بکات بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکەین."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.