وەزارەتى بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: لە چەند رۆژى داهاتوودا پارەى گەنمى جووتیاران خەرج دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق دەڵێت، پێشبینى دەکرێت لە چەند رۆژى داهاتوودا پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان خەرج بکرێت. 
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، وەزارەتەکەی "بەشێوەیەکى دادوەرانە مامەڵە لەگەڵ جووتیاران دەکات. ئەوەى کە هەیە پەیوەندیدارە بە خەرجکردنى پارە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە. وەزارەتەکەمان پەرۆشە بۆ خەرجکردنى پارەى جووتیارانى هەرێمى کوردستان و پێشبینی دەکەم لە چەند رۆژى داهاتوودا ئەو پارەیەى گەنمى جووتیاران کە ماوە خەرج بکرێت".
 
محەممەد حەنوون گوتیشی: "هیچ پەیامێکى نەرێنیمان لە وەزارەتى دارایی پێ نەگەیشتووە لەبارەى خەرجکردنى ئەو پارەیە". 
 
زیاتر لە 500 ملیار دینارى شایستەى دارایی گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەم ساڵ نەدراوە.
 
محەممەد حەنوون رایگەیاند، جگە لە هەرێمى کوردستان، هەندێک لە جووتیارانى کەرکووک و نەینەواش پارەى گەنمەکەیان وەرنەگرتووە.
 
ئەو گەنمەى کە وەزارەتى بازرگانیى عێراق ئەم ساڵ وەریگرت 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن بوو؛ لەو بڕە نزیکەی 700 هەزار تۆنى گەنمى هەرێمى کوردستان بوو.
 
گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق گوتى: "زیادبوونى بەرهەمى گەنمى جووتیاران هۆکارى دواکەوتنى پارەکەیە. چاوەڕوانمان نەکرد ئەوەندە گەنم بەرهەمبهێندرێت. ئەو پارەیەى دانرابوو بۆ کەمتر بوو لەو بڕە و پارەى تەرخانکراوى تێپەڕاند."