مانگانە نزیکەی 30 ملیار دینار کورتهێنان لە داهاتی سلێمانی هەیە

03-09-2022
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
 دیمەنی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێشتا دەنگوباسى گەرم لە سلێمانى، بابەتى مووچە و قەرزى کۆمپانیاکانە، چونکە چەند مانگێکە مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت و دەچێتە مانگی دواتر. بەرپرسانی شارەکەش هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەى داهات و کورتهێنان دەگەڕێننەوە لەو بودجەیەی کە دەبێت لە پشکی شارەکە بۆ مووچە دابین بکرێت.
 
رێزان سلێمان، بەڕێوەبەرى باجى سلێمانى دەڵێت: "ئەمساڵ لەچاو پار داهات زیادیکردووە، زیادکردنەکە پەیوەندى بەوەوە نییە کە باج لەسەر خەڵک زیاد کراوە، بەڵکو هۆکار ئەوەیە کە بەرەوپێشچوون هەیە لە بوارى وەبەرهێنان و خانووبەرە و ئاوەدانى، بەڵام ئەمەش وەک بەراورد لە نێوان سلێمانى و هەولێر، لە هەولێر پڕۆژە و کارکردن زیاترە، بۆیە داهاتى ئەوێش زیاترە."
 
بەپێى زانیارییەکانى رووداو، سلێمانى مانگانە پێویستى بە 130 ملیار دینار هەیە کە لە پشکى خۆى دابینى بکات؛ بەو جۆرە کە 75 ملیار دینار بۆ تەواوکاریى مووچە، 15 ملیار بۆ خەرجیی سیادى (سێ سەرۆکایەتییەکە)، 40 ملیار بۆ خەرجیی فەرمانگەکان و قەرزى کۆمپانیاکان.
 
رووداو زانیویێتى، بەرپرسانى بانکى هەرێم لە سلێمانى بە لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستانیان گوتووە: داهاتى سلێمانى لە باشترین دۆخدا ناگاتە 100 ملیار. بەم پێیەش 30 ملیار دینار مانگانە کورتهێنان هەیە.
 
داهاتى نێوخۆى پارێزگاکان لە دەروازە و خاڵەسنوورییەکان، باج، رسوومات، داهاتى هاتووچۆ، ئاو و کارەبا و کەمێکیش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى دیکە کۆدەکرێتەوە کە تەنیا لە باجى دەرامەت، مانگانە حەوت جۆر پارەى باج کۆدەکرێتەوە.
 
زانا مەحموود، بەڕێوەبەرى باجى دەرامەتى سلێمانى باس لەوە دەکات: "بڕى داهاتى ئێمە ئەمساڵ زیاتر بووە، بەشێکى هۆکارى ئەوەبوو کە پار بەهۆى کۆرۆناوە حکومەت لێخۆشبوونى هەندێک باجى پەیڕەوکرد، بەڵام ئەمساڵ زیادکرایەوە. پەیوەست بە بڕى داهاتى ساڵانە و مانگانەشمان، ئەوە لە دەسەڵاتى باجەکان و وەزارەتى داراییدایە."
 
بەپێى سەرچاوەکانى رووداو کە لە دەروازەى نێودەوڵەتیى باشماخ دەستیکەوتووە، ئەو دەروازەیە لە شەش مانگى یەکەمى 2022 بە تێکڕای نزیکەیی، 20 ملیار داهاتى هەبووە، بەڵام لە کۆى 25 رۆژى مانگى هەشت، داهاتەکەى بۆ هەشت ملیار دینار کەمیکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە