نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی 8 مانگی رابردوو دابەزی

46 خولەک له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی داتا نەرێنییەکانی چین و ئەمریکا، نرخی نەوت نزیکەی 3 دۆلار دابەزی. نرخی نەوتی عێراقیش زیاد لە دۆلارێک دابەزی.
 
ئەمڕۆ (شەممە) لە کاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا، نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 71 سەنت یاخود 3.41٪ دابەزی؛ هەر بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش 2 دۆلار و 79 سەنت یاخود 3.66٪ دابەزی؛ هەر بەرمیلێکی بە 73 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی نەوتە لە 8ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە.
 
ئەمە وایکرد نرخی نەوتی عێراقیش دابەزێت؛ نرخی بەرمیلێک نەوتی قورسی بەسرە دۆلارێک و 15 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 75 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. لەسەر ئاستی هەفتانەش زیاد لە 2 دۆلار دابەزیوە.
 
نرخی نەوتی مامناوەندی بەسرەش دۆلارێک و 15 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. لەسەر ئاستی هەفتانەش 2 دۆلار و 71 سەنت دابەزیوە.
 
ئەمە چوارەمین هەفتەیە لەسەریەک کە نەوتی عێراق و جیهان بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە دەهێنن.
 
ئامارە نەرێنییەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە.
 
رۆژی هەینی 02-08-2024، وەزارەتی کاری ئەمریکا راپۆرتی هەلی کاری مانگانەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، وەزارەتەکە لە مانگی تەممووزی 2024ـدا لانیکەم 114 هەزار هەلی کاری رەخساندووە، لەکاتێکدا شارەزایانی ئابووری پێشبینییان دەکرد لەو مانگە 175 هەزار هەلی کار بڕەخسێندرێت.
 
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە دا، رێژەی بێکاری لە 4.1٪ بۆ 4.3٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە تشرینی یەکەمی 2021ـەوە.
 
ئەم دوو داتا نەرێنییە ترسی سستیی ئابوورییان زیادکردووە. ئەمە خواست لەسەر نەوت کەمدەکاتەوە.
 
تیم سنیدێر، ئابووریناسی باڵا لە دامەزراوەی 'ماتادۆر ئیکۆنۆمیکس' دەڵێت، "دۆخی بازاڕ لە بازاڕێکی ئاراستەکراو بە خواستەوە چووەتە دۆخێکی جیۆسیاسی. پاشان لەو هەموو داتا ئابوورییەش نقووم بووین."
 
داتا ئابوورییەکانی چینیش پێشانی دەدەن کە چالاکیی بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە.
 
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا و رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. هەر زیادبوون و کەمبوونەوەیەک لە چالاکییە ئابوورییەکانی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی نەوت دادەنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها، ئەندامی ژووری بازرگانیی قەزوین

ژووری بازرگانیی قەزوین: بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان حەوت هێندە زیادیکردووە

جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها رایگەیاند، لە بەرنامەیاندایە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو دوو هێندەی دیکە زیاد بکەن. "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەراورد بە پار، حەوت هێندە زیادیکردووە." هۆکارەکەشی بۆ بەهێزی پەیوەندیی کولتووری نێوانیان و زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و داواکارییەکان گەڕاندەوە و گوتی: "هەموو ئەمانە هانمان دەدات بتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بکەین. ئەگەر یاساکان رێگە بدەن و ئاسانکاری زیاتر بکرێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان بۆ چەند هێندەی دیکە زیاد دەکەین."