لە عێراق خواست لەسەر کارەبا گەیشتووەتە 50 هەزار مێگاوات و کورتهێنانیش زیاتر لە 20 هەزار مێگاواتە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین لێدوانی وەزیری کارەبا، عێراق 57٪ـی پێویستیی کارەباکەی بەرهەمدەهێنێت. کورتهێنانیش گەیشتووەتە نزیکەی 20 هەزار و 500 مێگاوات.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نەجەف رایگەیاند، "بەرهەممان [کارەبا] گەیشتووەتە 27 هەزار و 550 مێگاوات بۆ ئەم هاوینە، ئەوەش ئاستێکە یەکەمجارە لە عێراق تۆمار دەکرێت".
وەزیری کارەبا گوتیشی، "بەهۆی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنان، خواست لەسەر کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە 48 هەزار مێگاوات". بەم پێیە، عێراق 57.3٪ـی خواست لەسەر کارەبا لە نێوخۆ دابین دەکات.
بەپێی قسەی وەزیر، ئێستا کورتهێنانی کارەبا لە عێراق بۆ 20 هەزار و 450 مێگاوات زیادبووە.
رۆژی چوارشەممە، 31-7-2024، زیاد عەلی فازڵ رایگەیاندبوو، سەرباری هەوڵەکانیان، عێراق ئەم هاوینە رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە بەتایبەت لە کەرتی دابەشكردن، قەبارەی باری زیادی کارەبا بەبەراورد بە ساڵی رابردوو 20٪ زیادیکردووە، ئەوەش وایکردووە گوشار لەسەر تۆڕەکان هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
رۆژی دووشەممە، 22-7-2024، ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو: "کورتهێنانی کارەبا لە عێراق 19 هەزار مێگاواتە..27 هەزار و 445 مێگاوات کارەباش بەرهەمدەهێنن".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەشڵێت، 80٪ی وێستگەکانی کارەبای عێراق پشت بە گاز دەبەستن.